ناکۆکییەکانی نێوان دوو باڵی بزووتنەوەی ئیسلامی بەردەوامە



پاش چەند ڕووداوێکی تری هاوشێوە لە مێژوویدا، بزووتنەوەی ئیسلامی ئەم جارەش بەرەو لەتبوون هەنگاو دەنێت دوای ئەوەی هەریەک لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی بە جیا خۆیان وەکو ڕابەری بزووتنەوەکە ناساند، لەکاتێکدا کێشەی نێوانیان هێشتا لە فەرمانگەی حزبە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا یەکلایی نەکراوەتەوە.

 

لایەنگرانی کامیل حاجی عەلی، ڕۆژی پێنجشەمە ١١ -٥ – ٢٠٢٣ لەشاری سلێمانی بەمەبەستی بەستنی کۆنگرە کۆبوونەوە، کۆنگرەکە بە پێدانی “بەیعەت” بە کامیل حاجی عەلی و ناساندنی وەکو ڕابەری نوێ کۆتایی پێهێنرا.

 

لە هەمانکاتدا باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ئەمە بە “مەهزەلە” ناودەبەن.

 

کامیل حاجی عەلی کە خۆی وەکو ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی دەناسێنێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “کۆنگرەی ئەمڕۆی بزووتنەوە یاسایی و شەرعی بوو. لەداهاتوودا ئەنجومەنی شورا هەڵدەبژێرین و پەیڕەو و پرۆگرامیش پەسەند دەکەین.”

 

رۆژی ٥ ی مانگی دووی ساڵی ٢٠٢٢، بزووتنەوەی ئیسلامی کۆنگرەی ١٤ ی لە شاری هەولێر ئەنجامدا، کۆنگرەکە بووە هۆی پەرتکردنی حزبەکە، بەهۆی ئەوەی کامیل حاجی عەلی وەک تەنها کاندید ئەو ژمارە دەنگەی بەدەستنەهێنا کە بۆ هەڵبژاردنی پۆستی ڕابەر دیاریکرابوو، ئەمەش بیانووی دایە دەست عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.

 

ناکۆکی نێوان عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی لەسەر پۆستی رابەری گشتی بزووتنەوەکەی دووچاری ناکۆکی زیاتر کرد، کاتێک باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز سەرکردایەتی نوێیان بەشەرعی و کامیل حاجی عەلیش ئەنجامەکەی ڕەتکردەوە، بۆیە کێشەکەیان بردە فەرمانگەی حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

 

هێشتا کۆمیسیۆن کێشەی نێوان دوو باڵە ناکۆکەکەی بزووتنەوەی یەکلایی نەکردووەتەوە. باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بەناوی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە بەردەوامن لە کاری سیاسی، باڵی کامیل حاجی عەلیش دوای کۆنگرەکەی ئەمڕۆ، دەیانەوێت سەرکردایەتییەکی نوێ هەڵبژێرن.

 

عەبدوڵا وەرتێ، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی سەر بە باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، بە دەنگی ئەمەریکای وت، “ئەوەی بەناوی کۆنگرەوە ئەنجامدرا مەهزەلە بوو، نوێنەری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی تێدا نەبوو، ناشتوانن بەناوی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە کۆنگرە بکەن.”

 

ئەو وتیشی”کۆنگرە ڕێوشوێنی یاسایی هەیە، ئەوەی ئەوان کردیان، هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی تێدا نەبوو، وەکو بزووتنەوەی ئیسلامی ١١ بارەگامان هەیە، کادیرانی یەک بارەگای بزووتنەوە بەشدار نەبوون لەوەی بەناوی کۆنگرەوە ئەنجامدراوە.”

 

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ژمارە (ش.ح/خ/٤٧٦) لە بەرواری ( ٢/٣/٢٠٢٢) ئەنجامی کۆنگرەی ١٤ ی بزووتنەوەی ئیسلامی هەڵوەشاندەوەو داوای دووبارە بەستنەوەی کۆنگرەی لێکردن. بەڵام دوو باڵە ناکۆکەکە لەسەر بەستنی کۆنگرە ڕێکنەکەوتن، بۆیە هێشتا دۆسیەکە لە کۆمیسیۆنە.

 

کامیل حاجی عەلی، جەختی لەسەر یاسایی بوونی کۆنگرەکەی ئەمڕۆی کردەوە و وتی “١٣٠٠ ئەندامی بزووتنەوە بەشداربوون لە کۆنگرەدا، دوای یەکلایی کردنەوەی کێشەکە لە کۆمیسیۆن، وەکو بزووتنەوە کاری سیاسی خۆمان دەکەین.”

 

جیابوونەوەی دوو باڵە ناکۆکەکەی بزووتنەوەی ئیسلامی لە یەکتری، یەکەم جیابوونەوە نییە لە مێژووی ئەو حیزبەدا کە لە ساڵی ١٩٨٧ دامەزراوە، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٠١ عەلی باپیر کۆمەڵی ئیسلامی لە بزووتنەوە جیا کردەوە.

بەدوای کۆمەڵی ئیسلامی کە ئێستا بە کۆمەڵی دادگەری ناسراوە، جوندولئیسلامیش کە دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ ئەنسارولئیسلام لە بزووتنەوە جیابوویەوە.

مەکتەبی سیاسیی پارتی: ئامادەین بۆ كۆبوونەوە
پێشت مەکتەبی سیاسیی پارتی: ئامادەین بۆ كۆبوونەوە
لە ساڵێکدا ٧١ ملیۆن کەس لە جیهاندا  ئاوارە بوون
دواتر لە ساڵێکدا ٧١ ملیۆن کەس لە جیهاندا  ئاوارە بوون
ەیوەندیدار