وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق لەپێناو كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان، بڕیاریدا پێشینەی خانووبەرە بەبێ كەفیل بداتە فەرمانبەران.
بەنگین رێكانی، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق ڕایگەیاندووە، وەزارەتەكەیان كار دەكات تا وەرگرتنی قەرزی سندقی نیشتەجێكردن لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاسانكاریی بۆ بكرێت.
ڕاشیگەیاندووە، لەكاتی داواكردن و وەگرتنی ئەو قەرزی نیشتەجێ كردن و پێشینەی خانووبەرەدا لەلایەن هاووڵاتییانەوە كۆمەڵێك كێشە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە وەك بوونی كەفیل بۆ فەرمانبەران تا بتوانن سوودمەند ببن.
وتیشی، “بڕیاریان داوە چیتر پێویست ناكات فەرمانبەران هیچ كەفیلێكیان هەبێت و كارەكەی خۆیان بەسە و پێویست ناكات كەسێكی دیكەیش كەفالەتیان بۆ بكات”.
بەردەوام لە عێراق چەندین قەرز و پێشینە بۆ فەرمانبەران و هاووڵاتیان ڕادەگەیەنرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان چەند ساڵێكە هیچ قەرز و پێشینەیەك بۆ خانووبەرە نییە و ئەو قەرزانەشی لە ئەستۆی هاووڵاتیان و فەرمانبەرانە وەردەگیرێتەوە.