بەربەستە گەورەکانی بەردەم ئەردۆغان ئاشکرا کران


لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە، تاکی تورکی و چاودێران و شارەزایانی تورکیاش بۆ هەر هەڵبژاردنێک بەڕوونی زانیویانە کێ دەبێتە سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی داهاتوو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیدا، بەڵام بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار، لە ئەنجامی ئەو بەربەستە گەورانەی ئەردۆغانی سەرۆکی ئێستای تورکیا ڕووبەڕووی دەبێتەوە بابەتەکە زۆر ناڕوونە.

 

بۆ یەکەمجار لە دوای هاتنی پارتی، پارتی داد و گەشەپێدان، بۆ دەسەڵات لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٢، ئەردۆغان ڕووبەڕووی کێبڕکێیەکی توند دەبێتەوە لە ناو ئۆپۆزسیۆنەوە، کە زۆرینەیان ئەمجارە لە پشت کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری وەستاون.

 

بەهێزی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن

بۆ یەکەمجارە لە تورکیا زۆربەی پارتە گەورەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕیزەکانیان لە چوارجیوەی “هاوپەیمانی میللەت”، یەکدەخەن، کە لە ٦ پارت پێکدێن، و لەسەر یەک کاندید ڕێکدەکەون، ئەمەش واتە کۆکردنەوەی دەنگی شوێنکەوتووانی خۆیان بۆ ئەو کاندیدەی ڕکابەری ئەردۆغان دەکات .

 

دۆخی ئابووری

ساڵی ڕابردوو جیهان شایەتی دابەزینی پێوەرەکانی ئابوری تورکیا بوو، هەڵاوسانیش گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی، لیرەی تورکیش بۆ نزمترین ئاست بەهاکەی دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش لە ئاستی ژیانی هاووڵاتیاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو، ئەم لایەنە دیارانەی پاشەکشێ لە ئابووری وڵات دەرفەتی داوەتە ئۆپۆزسیۆن بۆ پڕوپاگەندەکانی تا حکومەت بە تەواوی بە بەرپرسیار نیشان بدات.

 

دەنگی کورد

ئەردۆغان هەمیشە لەسەر حسابی کورد، دەنگی بەدەستهێناوە و تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ساڵی 2018 کە سەڵاحەدین دەمیرتاش کاندیدی کورد بەشداری تێدا کرد، لە ناوچە کوردیەکان دەنگی نزیکەی ئەوی بەدەستهێنا،بەڵام ئەمجارە پارتی دیموکراتی گەلان، پشتیوانی لە کلیچدارئۆغڵو دەکات.

 

پاشەکشێی پشتگیری

ڕاپرسییەکانی ساڵی ڕابردوو ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران بۆ هاوپەیمانی دەسەڵاتدار لە دابەزیندایە؛ لەئەنجامی ئەو دۆخە ئابورییەی دژوارەی لەو وڵاتەدا هاتووەتە ئارا، لەکاتێکدا حکومەت وەڵامی ئەوەی داتەوە کە هۆکارەکان دەرەکی و جیهانین و تەنانەت گەورەترین خاوەن ئابوریەکانی دونیاش بەدەستیەوە دەناڵێنن.

 

بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات

ڕاپرسییەکان لەو ناوچانەی کە بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە زیانیان بەرکەوتووە، نیشانی دەدات کەمبوونەوەی پشتیوانی لە حکومەت بەئاستێکی چاوەڕوان نەکراوە، بەشێک لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە تا ئێستاش لە چاوەروانی گەیشتنی هاوکارییەکان سەر دەنێنەوە.

 

هاوپەیمانی لەگەڵ پارتە ئیسلامییەکان

لەم دواییانەدا پارتی گەلی کۆماری کە بە پارتێکی عەلمانیی توندڕەو ناسراوە، مامەڵەی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگا پارێزکارەکاندا گۆڕی، بەتایبەتی لە پرسی باڵاپۆشی، کە بە تەواوی دژایەتیی دەکرد، لە کاتێکدا پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان یەکێک لە پایەکانی خۆی دروستکرد بە بەرگریکردن لە مافی ژنان بۆ باڵاپۆشی.

لەم هەڵبژاردنەدا پارتی گەلی کۆماری ژنانی باڵاپۆشی کاندید کردووە و هاوپەیمانی ٣ پارتی ئۆپۆزسیۆنە کە لە پاشخانێکی ئیسلامییەوە هاتوون، ئەوانیش پارتی سەعادەت، پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی و پارتی ئایندەن.

 

دەنگی گەنجان

شەش ملیۆن گەنج بۆ یەکەمجار لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ دەدەن، ئەمانە نەوەیەکن کە تەنها حوکمی پارتی دادپەروەری و گەشەپێدانیان بینیوە، ئۆپۆزسیۆنیش گرەو لەسەر دەنگی ئەوان دەکات بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانکارییە بهێنێتە ئاراوە کە بەدوایدا دەگەڕێن، ڕاپرسییەکانیش لەمبارەیەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە دەنگدەرانی پارتی دەسەڵاتدار لە کەسانی بەتەمەن و بەساڵاچوواندا چڕبووەتەوە.

 

یەکلاییکردنەوەی خولی یەکەم

سەرەڕای بەربەستەکانی پێشوو، نووسەرێکی تورکی نزیک لە هاوپەیمانییەکەی ئەردۆغان عەبدولقادر سێلڤی، متمانەی بە توانای ئەردۆغان هەیە بۆ سەرکەوتن لە خولی یەکەمدا.

 

ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت: “من پەیڕەوی لە زۆرێک لە ڕاپرسییە متمانەپێکراوەکان دەکەم، تێکڕای ئەوان وەردەگرم، هەفتەی ڕابردوو نووسیبووم کە ئەردۆغان مەودای لەسەدا ٥٠ی بەزاندووە و کیلیچدارئۆغڵو لە مەودای لەسەدا ٤٥ نزیک بووەتەوە”.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، “وەک پێشبینیم دەکرد لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، دەنگی موحەڕەم ئینجە و سینان ئۆگان (ڕکابەرانی کێبڕکێی سەرۆکایەتی) کەمیکرد، هاوکات پشتیوانی بۆ ئەردۆغان و کلیچدارئۆغڵو زیادیکرد و باوەڕم وایە کە ئەردۆغان لەسەدا ٥٢ تێدەپەڕێنێت” و لە خولی یەکەمدا هەڵبژاردنەکان یەکلایی دەکاتەوە”.

سەرچاوە؛ سکای نیوز

مووچەی مانگی چوار بە ١٨ ڕۆژ دابەشدەکرێت
پێشت مووچەی مانگی چوار بە ١٨ ڕۆژ دابەشدەکرێت
ئەمڕۆ دەروازەی نێودەوڵەتی زێت کرایەوە
دواتر ئەمڕۆ دەروازەی نێودەوڵەتی زێت کرایەوە
پەیوەندیدار