پەرلەمانی عێراق پشووی بەهارەی ڕاگرت و بڕیاریدا تا پەسەندكردنی بودجە وەرزی یاسادانان درێژبكاتەوە.
سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە، پەرلەمان بە ئامادەبوونی نزیكەی 200 پەرلەمانتار و بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان كۆبووەوە و تیایدا دەنگ لەسەر چەند پڕۆژە یاسایەك درا.
وتیشی، “دەنگی درا لەسەر پڕۆژە یاسای بە ئەندام بوونی عێراق لە ڕێككەوتننامەی دامەزراندنی بانكی ئەوروپی بۆ ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدان، هەروەها پڕۆژە یاسای بە ئەندام بوونی عێراق لە سیستمی بنەڕەتیی رێكخراوی ئیسلامی بۆ ئاسایشی خۆراك”.
ئاماژەی بەوەشكرد، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئامادەبووی دانیشتنەكە، پەرلەمان وەرزی یاسادانانی خۆی درێژكردەوە و پشووی بەهارەی تا دوای پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجە دواخست.