وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە بڕی 200 ملیار لە پارەكەی عێراق گەیشتۆتە سەر هەژماری بانكی وەزارەت لە هەولێر.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بڕی 200 ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لەلقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق.
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕی 400 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مانگانە بەشێوەی قیست تا پەسەند كردنی بودجە دەدرێتە هەرێم و لە ئێستاشدا بڕی 200 ملیاری گەیشتووە و لە ئەمڕۆ و سبەینێدا بەشەكەی دیكەی دەگات.
ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی هەرێم لە لێدوانێكدا ڕایگەیاندبوو، ڕێكارەكانی كردنەوەی هەژماری بانكییان لە هەردوو بانكی ڕەشید و ڕافیدەینی عێراق ئەنجام داوە و بڕی 400 ملیارەكە بە دوو بەش دەخرێتە سەر ئەو هەژمارە بانكیانە و دەنێردرێن بۆ هەرێم.
ڕاشیگەیاندبوو، ڕێككەوتنی عێراق و هەرێم لەسەر نەوت و بودجە لە قازانجی كوردە و دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری و كۆتایی هێنان بە كێشەی مووچە.