پێدانی قەرزێكی نوێ‌ بە هاووڵاتیان ڕاگەیەنرا



بانكی ڕافیدەینی عێراق بڕیاریدا بە پێدانی قەرزێك بە بڕی 25 ملیۆن دینار بەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت پڕۆژەی ئابووری خۆیان دابمەزرێنن، بەڵام هاووڵاتیانی هەرێم ناگرێتەوە، پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت لەگەڵ كردنەوەی لقی بانكەكە لە هەرێم هاووڵاتیانی شارەكانی هەرێمیش سوودمەند دەبن لەو قەرز و پێشینانە.

بانكی ڕافیدەین لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، قەرزێك بە بڕی 25 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەی بچووك دەدەن بە هاووڵاتییان و كاسبكاران و لە ماوەی 6 ساڵدا وەردەگیرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، رێژەی سوودی سەر قەرزەكە 6%ـە و دوای 6 ساڵ لە سوودمەندبوو وەردەگیرێتەوە، ئەگەر كەسی سوودمەندبوو نەیتوانی لەو ماوەیەدا قەرزەكە پاكتاوبكات، 6 مانگی دیكەی بۆ درێژدەكرێتەوە.

بانكەكە ئاشكراشی كردووە، هاووڵاتییان دەتوانن لە ئەمڕۆوە مامەڵە پێشكەش بە لقەكانی بانكەكە بكەن بۆ وەرگرتنی قەرزەكە.

هەرچەندە ئەو جۆرە قەرز و پێشینانەی بانكی ڕافیدەین لە ئێستادا هاووڵاتیانی هەرێم ناتوانن وەریانبگرن، بەڵام د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، كە چەند نووسراوێكیان ئاڕاستەی بانكی ناوەندی كردووە لەسەر پێدانی ئەو قەرز و پێشینانە بە هاووڵاتیانی هەرێم و ئەوانیش داوای ڕەزامەندی كردنەوەی لقی ئەو بانكانە (ڕافیدەین و ڕەشید)یان لە وەزارەتی دارایی هەرێم كردووە.

ئاشكراشی كردووە، ڕەزامەندی سەرەتایی دراوە بۆ كردنەوەی لقی ئەو بانكانە لە هەرێم و لەكاتی كردنەوەیان ئەو قەرز و پێشینانە هاووڵاتیانی هەرێمیش دەگرێتەوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، كە دوێنێ‌ دوو شەممە، شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندی كۆبوونەوە و ڕایانگەیاند، كە گفتوگۆیان لەسەر كردنەوەی بانكی نیشتمان لە هەرێم كردووە.

پارەی مووچەی مانگی 11 گەیشتە بانكەكان
پێشت پارەی مووچەی مانگی 11 گەیشتە بانكەكان
لە سبەینێوە شەقامێكی سەرەكی ناو سلێمانی دادەخرێت
دواتر لە سبەینێوە شەقامێكی سەرەكی ناو سلێمانی دادەخرێت
پەیوەندیدار