وەزیری دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەولەویاتی ئێمە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدایە لە سەر نەوت و بودجە و دەشڵێت: “ڕاگرتنی نەوت كێشەی گەورەی بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست كردووە”.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٠٢٣/٥/٨ ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت پێشوازی كرد لە دكتۆر تۆركیلد بیوگ، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەكانی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان.
وەزیری دارایی ڕێككەوتنی هەناردەكردنەوەی نەوت و پشكی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ڕوونكردەوە و ڕایگەیاند، بنەمای ڕێككەوتنەكە دەگەڕێتەوە بۆسەرەتای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی چەند خاڵێكیان بۆ ئیدارەدانی دۆسیەی نەوتی هەرێم چەسپاندووە.
وەزیری دارایی ڕاشیگەیاند، لەم قۆناغەدا ئەولەویاتی هەرێمی كوردستان جێبەجێكردنی ڕێكەوتنی هەرێم و بەغدایە وەك خۆی و لەو چوارچێوەیەشدا هەرێمی كوردستان هەموو داواكارییەكانی جێبەجێ كردووە و چاوەڕێی عێراق و توركیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و چارەسەركردنی ئەو كێشە سیاسی و تەكنیكیانەی لەبەردەم پرۆسەكەدا ماون.
ئاوات شێخ جەناب وتیشی، “ڕاگرتنی نەوت كێشەی گەورەی بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست كردووە و هیوادارین حكومەتی عێراق بەڵێنەكانی خۆیان بۆ دابین كردنی مووچەی فەرمانبەران ببەنە سەر”.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەك وەزارەتی دارایی و كابینەی نۆیەم كاری جدیان هەمەچەشن كردنی سەرچاوەكانی داهات بووە لە ڕێی گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ و بوژانەوەی بەرهەمی ناوخۆ و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری تا هەرێمی كوردستان تەنها پشت بە داهاتی نەوت نەبەستێت، لەو چوارچێوەیەشدا لەبواری ئاسایشی خۆراك هەنگاوی باش نراوە و بەدیجیتاڵ كردنی كاروباری دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێم دەستی پێكردووە و دەرئەنجامی باشی بەدەست هێناوەو لەبواری ژێرخانی كارەباش لەم كابینەیە كاری جدی كراوە.
لای خۆشیەوە، دكتۆر توركیلد بیوگ، بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندیەكانی یەكێتی ئەوروپا زۆر سوپاسی وەزیری دارایی كرد بۆ ئەو چاكسازیانەی لەم كابینەیە ئەنجامیانداوەو پشتیوانی یەكێتی ئەوروپای بۆ ڕێكەوتنی هەرێمی كوردستان و بەغداد دوپات كردەوە و هیوای خواست بەزوترین كات هەڵبژاردن لەهەرێمی كورستان ئەنجام بدرێت و كێشە سیاسەكان چارەسەر بكرێت.