سەرەڕای چەندین بەڵێنی حكومەتی هەرێم بۆ “دابەشكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا” كە سەرەتا بەڵێنی 25ی مان درا و دواتر چەند مانگێكە لە 5 بۆ 7ی مانگی دواتر دابەش دەكرا، لە ئێستادا دابەشكردنی مووچە لەو بەروارانەش دواكەوتووە.
لە دوای سەرهەڵدانی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانی، هەرێمی كوردستان دووبارە تووشی قەیرانی دارایی بوو، كە بەهۆیەوە جارێكی دیكە دەست برا بۆ مووچەی فەرمانبەران و لەجیاتی “پاشەكەوت” ئەمجارە شێوازی “لێبڕینی مووچە” و نەدانی مووچەی چەند مانگێك پەیڕەو كرا تاوەكو نرخی نەوت دووبارە بەرزبووەوە.
لە ساڵی 2021ەوە حكومەتی هەرێم دەستی بە دابەشكردنی مووچە بە تەواوی كردەوە و بەڵێنی ئەوەی بە مووچەخۆران دا، كە هەموو 25ی مانگێك دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكەن و تا كۆتایی مانگ كۆتایی یان 5ی مانگی دواتر كۆتایی پێ دەهێنن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەو كاتەوە پارەی نەوت “كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتە” دەگەڕێتەوە بۆ هەرێم.
هەرچەندە ئەو بەڵێنە چەند مانگێك بڕی كرد، دواتر دابەشكردنی مووچە دواخرا بۆ 5ی مانگ تا 7ی مانگی دواتر و بەڵێنی ئەوە بە فەرمانبەران درا، كە مووچە دواناكەوێت و بە 20 ڕۆژ تەواوی مووچە دەدرێت، بەڵام لە ئێستادا جارێكی دیكە مووچە دواكەوتووە و ئەمڕۆ 8ی 5ی 2023یە و هێشتا مووچەی مانگی 4 نەدراوە و هیچ كاتێكیش بۆ دابەشكردنی دیاری نەكراوە.
دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە لەم مانگەدا، حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتە بۆ مووچە و خەرحییەكان، بەهۆی بڕیاری دادگای پاریس، كە لەلایەن عێراقەوە لەسەر توركیا تۆماركرابوو دژی نەوتی هەرێم.
لە ئێستادا فەرمانبەران چاوەڕێی لیستی مووچەی مانگی 4 دەكەن و بڕیاریشە عێراق لەم هەفتەیەدا بڕی 400 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم بكات و ئەنجوومەنی وەزیرانیش لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوار شەممە 10ی مایس ئەو پرسە یەكلایی بكاتەوە.
لای خۆشیەوە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاندووە، لەبارەی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: “دەمەوێ بە راستی قسە بکەم، ئەو پارەیەی ئێستا دەتوانین بڵێین 400 ملیار دینارەکە ئامادەیە، 70-80 ملیارێکی مانگی پێشووش ماوەتەوە، ئەمەش بەتەنیا بەس نییە بۆ مووچە، ئەگەر خوابکات بە زوویی کێشەی عێراق و تورکیا چارەسەر ببێت و پارەی نەوتمان بۆ بێت، چونکە ئەگەر پارەی نەوتمان بۆ نەیەت، حسابکە ناقس 500 ملیۆنمان دۆلارمان هەیە بۆ مووچە.
هاوكات، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەرکی حکومەتی ناوەندییە، جا نەوت هەناردە بکرێت یاخود نا، هەروەک چۆن مووچەی مووچەخۆرانی عێراق دەدەرێت، حکومەتی ناوەندی ئەرکیەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش بدات.