نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەردەوامە لە دابەزین، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەش هۆکارەکەی بۆ هاووڵاتیان دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی ١٤٥ هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند، لە کاتێکدا بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ ١٨٠ ملیۆن و ٢٦٧ هەزار و ٦٣٩ دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە، کە ١٥٢ ملیۆن و ١٦٧ هەزار و ٦٣٩ دۆلار بەشێوە حەواڵەبووە، ٢٨ ملیۆن و ١٠٠ هەزار دۆلاریش بەشێوەی نەختینە.
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار کاتییە، جارێکی دیکە ١٠٠ دۆلار ناگاتەوە ١٥٠ هەزار دینار.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و عێراق لە دۆخێکی باشدایە، عێراق تا ئاستێکی باش کۆنتڕۆڵی بەقاچاخ بردنی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ کراوە، بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا بە وردی چاودێری حەواڵەکردنەکانی دۆلار دەکات.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری بۆ دوو هۆکاری سەرەکی گەڕاندەوە، یەکەمیان کارتی ئەلیکترۆنییە، بەشێک لە هاووڵاتیان دوای ئەوەی سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن و دۆلاریان بە ١٣٢ هەزار دینار لێوەرگیراوە، لە وڵاتانی دەرەوە بڕێکی زۆر دۆلار ڕادەکێشن، ئەمەش کێشەی دروستکردووە، هۆکاری دووەمیشی بۆ کەم خستنەڕووی دۆلار گەڕاندەووە، ئەم هەفتەیە بانکی ناوەندی ١٥٠ ملیۆن دۆلاری کەمتر خستووەتە بازاڕەوە بەرامبەر بە هەفتەی ڕابردوو.