ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک لە گەڕەکی گوڵان-ی شاری هەولێر و دزیان لە ژنێکی بەتەمەن کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر راگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، دوای رووداوی هەڵکوتانە سەر و دزیکردن لە ئافرەتێکی بەساڵاچوو لە ماڵەکەی خۆی لەگەڕەکی گوڵان – شاری هەولێر لە چەند رۆژی رابردوو، تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و پۆلیسی هەولێر دەستمان کرد بە لێکۆڵینەوە و بە دواداچوون و پاشان تواندرا سەرەداوی تاوانەکە بە دەستبخەین.
دەشڵێت:”لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە هەر سێ تۆمەتباری روداوەکە بە هاوبەشی هێزە ئەمنییەکان دەستگیربکرێن و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان گیرایەبەر و دەردرێنە دادگا”.