خەڵك-
خیراردۆ مارتینۆ، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی مەكسیك، باس لە هەڵوێستی قورسی تیپەكەی دەكات بەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی سعودیە لە سبەینێ چوار شەممە لە چوارچێوەی گەڕی سێیەم و كۆتایی خولی گروپەكان لە جامی جیهانی قەتەر 2022.
مارتینۆ لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”هەڵوێستی ئێمە زۆر قورسە، پێویستمان بە تۆماركردنی ژمارەیەك گۆڵە، بزانین سبەینێ بەرامبەر بە سعودیە چی دەكەین، ئەو یارییە بۆ ئێمە یەكلاكەرەوەیە”.
بە وتەی مارتینۆ:”تائێستا هیچ گۆڵێكمان لە مۆندیالدا نەكردووە، ئەمەش مایەی نیگەرانییەكی زۆرە، پێویستمان بەوەیە گۆڵێكی زۆر لە سعودیە بكەین”.
ڕاهێنەرەكەی هەڵبژاردەی مەكسیك دەڵێت:”هەڵبژاردەی سعویە ئاسان نییە، چونكە بینیمان بەرامبەر بە ئەرجەنتین و پۆڵەندا چۆن دەركەوت، بەڵام هەوڵ دەدەین براوەبین و گۆڵی زۆر لە یارییەكەدا تۆماربكەین”.
هەڵبژاردەی مەكسیك بە یەك خاڵ لە پلەی كۆتایی لیستی گروپی سێدایە و پێویستی بە بردنەوەیە لە سعودیە، تا چانسی سەركەوتنی بۆ قۆناغی 16ی مۆندیال بمێنێت.