سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنی نەوت لەگەڵ بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە و چاوەڕوانە حکومەتی فیدراڵیش ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ یەك شەممە، مەسرور بارزانی، سهرۆكی حکومەتی ههرێمی كوردستان پێشوازی له مایك برایسن ریچاردسن، باڵیۆزی بهریتانیا له عێراق كرد و گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرا.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە، “دوای واژۆکردنی رێککەوتنی تایبەت بە نەوت، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵیش، ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات”.
باڵیۆزی بەریتانیا، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دووپات کردەوە.
دەربارەی دۆخی هەرێمی کوردستانیش، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆی لەمساڵ.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال. هەردوولا پشتیوانیی خۆیان بۆ پاراستنی تەواوی مافەکانی کوردانی ئێزدی و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکان دووپات کردەوە.