پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەکرێت



نرخی زێڕ بەرزە، پێشبینیدەکرێت تا دوو مانگی داهاتوو نرخی ئۆنسێک زێڕ بگاتە دوو هەزار و ١٠٠ دۆلار، لە هەرێمی کوردستانیش نرخەکەی بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.

ئەمڕۆ نرخی ئۆنسێک زێڕ دوو هەزار و ١٦ دۆلارە، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش زێڕی عەیارە ١٨ بە ٣٥٥ هەزارە، ٢١ بە ٤١٥ هەزار دینارە، نرخی عەیارە ٢٤ بە ٤٧٥ هەزار دینارە.

نرخی هەر ئۆنسێک زێڕ بەراورد بە دوو مانگی ڕابردوو ٢٠٠ دۆلار بەرزبووەتەوە، بەپێی وتەی ئازاد عومەر، وتەبێژی زێڕنگەرانی سلێمانی، بەهۆی کێشە و ململانێ سیاسییەکان نرخی زێڕ لە داهاتوودا زیاتر بەرزدەبێتەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) وتەبێژی زێڕنگەرانی سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا زۆرینەی وڵاتان یەدەگی زێڕەکەیان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا خواست لەسەری زیادی کردووە، ئەو وڵاتانە دەیانەوێت دووبارە زێڕ بکڕنەوە، لەوانە ڕوسیا، ئیتاڵیا و میسڕ.

بەشێکی دیکە لە هۆکارەکان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ جەنگی ئۆکراینا و ڕوسیا، هەڵئاوسانی ئابووری، ململانێ سیاسیەکانن، پێشبینیش دەکات تا دوو مانگی داهاتوو نرخی ئۆنسێک زێڕ بگاتە دوو هەزار و ١٠٠ دۆلار.

لەبارەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش ئەوەی خستەڕوو، بازاڕ ڕووی لە کزیە، بەڵام پێشنیاری کڕینی زێڕ بۆ هاووڵاتیان دەکات، لەبەر ئەوەی لە داهاتوودا نرخی زێڕ بەرزتردەبێتەوە، هەروەها زێڕ هیچ کات بەهاکەی لەدەستنادات.

 

 

دۆلار بۆ حاجییەکانی هەرێمی کوردستان بە نرخی ڕۆژ دەگۆڕدرێت
پێت دۆلار بۆ حاجییەکانی هەرێمی کوردستان بە نرخی ڕۆژ دەگۆڕدرێت
شێرپەنجە بەسڕەی گیرۆدە کردووە
دوات شێرپەنجە بەسڕەی گیرۆدە کردووە
پەیوەندیدار