عه‌لی باپیر: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كان سڵاو له‌ یه‌كتری ناكه‌ن كه‌چی ده‌ستی خه‌ڵكی تر ماچ ده‌كه‌ن



عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان ڕایدەگەیەنێ، كونسوڵی توركیا پێیوتووە، هێشتا گفتووگۆكان لەبارەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم لەقۆناغی سەرەتاییدان.

عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵەی دادگەری بۆ (دەنگی كوردی ئەمریكا) ڕایگەیاندووە، زۆرجار بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەخراپی بارودۆخی هەرێمەكە دەكەن، بە تایبەت دوای هۆشدارییەكانی جنین پلاسخارتی سەرۆكی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق و هۆشداریدانی بە بەرپرسان لەمەڕ ناكۆكی نێوان حزب و لایەنەكان.

ڕاشیگەیاند، “خراپ ئیدارەدانی هەرێم و ناتەبایی نێوان دوو حزبەكە و ناڕازیبوونی خەڵك و مووچەخۆران، سەرچاوەی مەترسین بۆ سەر هەرێمی كوردستان، شەڕە قسە و بێنە و بەردەی ئەم دواییەی نێوان پارتی و یەكێتیش دۆخەكەی بەرەو خراپتر بردووە”.

ئەو وتیشی، “شكاندنی حورمەتی دامەزراوەكانی پەرلەمان و حكومەت و دادگاكان هێندەی تر دۆخەكەی خراپ كردووە، بۆیە ئەو وڵاتانەش كە لە ڕابردوودا هاوكاری هەرێمیان كردووە بێ متمانەبوون، ئێمە چەند جارێك نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكانمان لە عێراق بینی و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانیش دەبینین، ئەوان بەنیگەرانییەوە لەدۆخی هەرێم دەڕوانن.”

سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوەكرد، هاوپەیمانان كە تا ئێستا هاوكاری سەربازی و لۆجستی هێزی پێشمەرگە دەكەن بەو مەرجەی پێشمەرگە یەكبخرێتەوە و بكرێتە هێزێكی نیشتمانی، خەریكە نائومێد دەبن.

عەلی باپیر، سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم وتی، “چەند ڕۆژێك لەمەوبەر كونسوڵی توركیا سەردانی كردین، لەبارەی دەستپێكردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم پرسیارمان لێكرد، وتی هێشتا لێكتێگەیشتنێكی سادە دروستبووە و گرفتەكان ماون، بۆیە نەوت هەناردە نەكراوە”.

سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان بە پێویستی دەزانێت هەرێم و بەغدا پابەندبن بە ڕێككەوتنی نێوانیانەوە، بەتایبەت ڕێككەوتنەكە بۆ هەرێم گرنگە،وتی، “لە ڕابردوودا هەرێم و بەغدا یەكترییان بە پابەند نەبوون بە ڕێككەوتنەكانەوە تۆمەتبار كردووە، هەردوولاشیان ڕاستیان كردووە، بۆیە نابێت جارێكی تر پارتی و یەكێتی خۆشیان و خەڵكی هەرێمیش ئیحراج بكەن، با ئەمان پابەند بن بە ڕێككەوتنەكەوە، تا نیشانەی پرسیار لەسەر قسەو هەڵوێستی عێراق دروست ببێت”.

عەلی باپیر وتی، “بەهێزترین كارت بەدەست هەرێمەوە، تەبایی و ڕێكی نێوخۆمانە، هەندێك لە هێزەكان سڵاو و تەوقە لەگەڵ یەكتری ناكەن، كەچی خۆیان ناچار دەكەن دەستی خەڵكی تر ماچ بكەن، من زۆر خەفەت بەمە دەخۆم”.

بڕیارێكی دیكە بۆ پارەی ئاوی ماڵان دەركرا
پێشت بڕیارێكی دیكە بۆ پارەی ئاوی ماڵان دەركرا
دەربارەی ناردنی دۆلار بۆ ئێران ڕوونكردنەوە دەدرێت
دواتر دەربارەی ناردنی دۆلار بۆ ئێران ڕوونكردنەوە دەدرێت
ەیوەندیدار