بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ئاشكرای دەكات، بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی، پارەی ئاوی ماڵان دەكرێتە قیست و ئەو پارەیەی لەسەر هاووڵاتیان بووە بە قەرز دەتوانن بە 6 قیست بیدەنەوە.
ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بۆ (خەڵك) وتی، “بە پێی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، لەمەودوا هەر هاوبەشێكی ئاو، كە قەرزداری پارەی ئاوە و لەسەری كەڵەكە بووە دەتوانێت بە قیست بیداتەوە، بەو مەرجەی ئەو قەرزەی لەسەریەتی لە 200 هەزار دینار زیاتر بێت”.
وتیشی، “شێوازی قیستەكە بە جۆرێكە، پێشەكی 25%ی پارەكە وەردەگیرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە دەكرێتە 5 قیستی دیكە هەر قیستەی 15%ی پارەكە بدات”.
ئاشكراشی كرد، ئەو هاوبەشانەی هەموو پارەی قەرزی ئاو دەدەنەوە 15% لێخۆشبوونیان لە پارەكە بۆ دەكرێت و ئەو بڕیارەش تا 10ی ئەم مانگە كاتی ماوە و كۆتایی دێت، بەڵام دانەوەی پارەی قەرزی ئاو بە قیست ماوەی بۆ دیاری نەكراوە و بۆ كارئاسانی هاووڵاتیانە.
لەماوەی ڕابردوودا وەزارەتی شارەوانی پارەی ئاوی بۆ ئەو هاوبەشانە كەم كردەوە، كە پێوەری ئاویان نییە بۆ ئەوەی پێوەرببەستن و لەناوشار پارەی مانگانە لە 80 هەزارەوە كرا بە 20 هەزار و لەدەرەوەی شار بە 10 هەزار، بەڵام ماوەكەی لە 21ی نیسان كۆتایی هات و لە ئێستتاشدا لێخۆشبوونی 15%ی پارەی ئاو تەنها 5 ڕۆژی ماوە و لە 10ی ئەم مانگە كۆتایی دێت.