پێشبینییە كەشناسییەكان ئاماژە بە هاتنی شەپۆلی تاوە باران و لێزمە باران بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن لەم مانگەدا، بەڵام ئەم كەشە فێنكە تا ڕۆژی شەممە بەردەوام دەبێت و دواتر پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە، هەرچەندە لەخوار پلەی گەرمای ئاسایی ساڵانە دەبێت.
محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پێشبینی دەكەم لەم مانگەدا زۆرێك لە ناوچەكان بەتایبەت ناوچەكانی سنوری باكوور واتە ناوچە سنورییەكان لەگەڵ وڵاتانی توركیا و ئێران ھێشتا ئەگەری باران كراوەیە و ڕەنگە تاوە باران و لێزمە بارانی بەھاری ڕومان تێبكات لەگەڵ ڕوودانی ھەورەبروسكە و ھەندێك كاتیش تەرزە ببارێت.
ڕاشیگەیاند، بە گشتی لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری (هەرێمی كوردستان) ئەگەری لاوازی باران ھەیە، بەڵام لە ناوچەكانی باكور و ناوچە سنورییە شاخاوییەكان ئەگەری باران كراوەیە بە گشتی.
سەبارەت بە پلەكانی گەرما و ئەو كەشە فێنكەی هەیە وتی، “بەھۆی كاریگەری ئەو بارستە ھەوا فێنكەی لە ماوەكانی ڕابردوو ڕووی لە باكوری كوردستان كرد، كاریگەریەكەی بەسەر ناوچەكانی ئێمەشدا ماوە ، پاشان بەھۆی ڕووپۆش بوونی ڕووبەرێكی فراوانی خاكی هەرێمی كوردستان بە سەوزایی و گژوگیا ، بەم كاریگەریانە ھەست بە كەشێكی تەواو فێنك دەكرێت، بەڵام ئەمەش بەردەوام نابێت”.
ڕوونیشی كردەوە، لە ڕۆژی شەممەی داھاتوەوە پلەكانی گەرما زیاتر بەرزتر دەبنەوە بەتایبەت كاتەكانی نیوەڕۆ و دوانیوەڕۆ ھەست بە بوونی گەرمی دەكرێ لە نزیكی ٢٧-٣٠ پلەی سیلیزی بەتایبەت پارێزگاكانی ھەولێر و سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و بەشێكی ئیدارەی ڕاپەڕین، بەڵام بە گشتی گەرمییەكی ئاسایی و كەمتر لە ئاستی ساڵانەی پلەی گەرمیە لەم وەرزەدا.