جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ھەرناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم ھەموو ڕێكارە یاساییەكانی تەواو بووە و بە سودانی-مان وت، كە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدەن.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دوێنێ لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەتەوە و پێیان ڕاگەیاندووە، دەبێت حكومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان دابین بكات، تا ئەوكاتەی نەوت ھەناردە دەكرێتەوە.
ڕاشیگەیاند، عێراق ھۆكاری دابەشنەكردنی مووچەیە لە هەرێم، بۆیە لەبری ناردنی 400 ملیار دینار، دەبێت تەواوی مووچە بدەن.
دوابەدوای بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی پاریس لە دژی نەوتی هەرێم و توركیا، كە لەلایەن عێراقەوە تۆمار كرابوو، هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیرا و لە ئێستاشدا وەزیری دارایی هەرێم دەڵێت: “پارەی پێویست نییە بۆ مووچەی مانگی 4ی مووچەخۆران” هاوكات حكومەتی عێراق بڕیاریداوە 400 ملیار بۆ تەواوكاری مووچە بداتە هەرێم.
لای خۆشیەوە، فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا ڕایگەیاند، ڕێكارە یاساییەكانی كردنەوەی هەژماری بانكی لە بانكی ڕافیدەین و ڕەشید تەواو بوون و لە هەفتەی داهاتوودا پارەكەی عێراق دەگاتە هەرێم.