قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە باربارالیف یادریدەرەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی دۆخی ناخۆیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی 4ی ئایاری 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەریەکە لە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و ئێرڤن هیکس کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێم ئامادەی بوون، تاوتوێی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم کوردستان کرا.
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند کێشە ناوخۆییەکان مەترسی بۆسەر پێگەی هەرێم دروست کردوە و پێویستە هەموولایەکمان بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان بدەین و نابێت ململانێی سیاسی و حیزبی بگاتە ئاستی بەزاندنی هێڵە سورە نیشتیمانییەکان و بە تایبەتیش لاوازکردنی پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی عێراقدا.
جێگری سەرۆک وەزیران راشیگەیاند پێشوازی لە هەرجۆرە دەستپێشخەرییەک دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئامادەین لەپێناو چارەسەرکردنی هەموو ئەو خاڵانەی مایەی ناکۆکین لیژنەی هاوبەش تەنانەت بە بەشداری نوێنەرانی هاوپەیمانەکانمان پێک بهێنین.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا. لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئامانجمانە کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین.
وتیشی دوای ماوەی ساڵانێکی زۆر لە ناسەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابووری و هەروەها ململانێ و ناکۆکی سیاسی و حیزبی ناپێویست، عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستییان بە قۆناغێکی درێژی سەقامگیری و ئارامی هەیە تا بتوانین پێکەوە کار لەسەر گەشەسەندنی ئابووری و بووژانەوەی بازاڕ بکەین، چونکە لەوە زیاتر عێراق و کوردستان بەرگەی ململانێی ناپێویستی حیزبی ناگرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ئازادی رادەربڕین لە کوردستان کرا و لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە هەمیشە شانازیمان بە دابینکردنی ئازادی رادەربڕین و ئازادی کاری رۆژنامەوانییەوە دەکرد، کەچی بە داخەوە لەم دوایانەدا لەلایەن دۆستەکانمانەوە رووبەڕووی رەخنە بووینەتەوە. جەختیشی کردەوە کە پێویستە بەخۆماندا بچینەوە بۆ ئەوەی ناو و ناوبانگی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بەهۆی پێشێلکردنی ئازادییەکانەوە لەکەدار نەبێت.