لیژنە هاوبەشەکانی قازیمقامیەتی سلێمانی کارگەو کۆگاکانی ئاوی لەدەبە نراو ئاگادار دەکاتەوە کە عەمبارکردنی بەرهەمەکانیان دەبێت لە پلەی گەرمی گونجاودا بێت و گەر لە سەروو ٢٥ پلە بێت ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.
کەیوان خەلیل، سەرۆکی لیژنەی کارگە و کۆگاکانی ئاو رایگەیاندووە؛ لەمانگی رابردودا لیژنەکەیان (٦٢) سەردانی ئەنجامداوە و لەو ژمارە (١٧) پسوڵەی سەرپێچی و حەوت شوێنیشیان ئاگادار کردوەتەوە کە پابەندی مەرج و رێنماییەکانی کارکردن بن، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەکرێنەوە.
کەیوان خەلیل، ئەوەشی وتووە؛ لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکان و سەردانی لیژنە هاوبەشەکانەوە بۆ کارگە و کۆگا و مارکێت و دوکانەکان ئاگادار کراونەتەوە کە نابێت شوێنی دانان و عەمبارکردنی ئاوی لەدەبەنراو لە(٢٥) پلە زیاتربێت، بەپێچەوانەوە روبەڕوی داخستن و رێکارە یاساییەکان دەکرێتەوە.
سەرۆکی لیژنەی کارگەو کۆگای ئاوی لەدەبەنراو ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، هەر بارهەڵگرێک بەشێوەیەکی دانەپۆشراو ئاو و خواردن و خواردەنەوە لەپلەی گەرمی بەرز و بەر تیشکی خۆر بگوازێتەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆوە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت و خۆشی سزا دەدرێت.
سەرچاوە؛ ڕاگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی