سبەینێ پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر چەند پڕۆژە یاسایەك دەكرێت و هاوكات پڕۆژە یاسایی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەش خراوەتە بەرنامەی كارەوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی پەرلەمانی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژە بەوەكراوە، كە سبەینێ پێنج شەممە لە كاتژمێر 11 كۆبوونەوە دەستپێدەكات.
هەر بەپێی بەرنامەی كارەكە، خوێندنەوەی دووەم و دەنگدان دەكرێت لەسەر پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، كە لە 4 ماددە پێكهاتووە.
د. ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، “سبەینێ خوێندنەوەی دووەم دەكرێت بۆ پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و دەنگدان لەسەری” بۆیە داوا لە دڵسۆزانی هەڵەبجە دەكات هەوڵی تێپەڕاندنی پڕۆژەكە بدەن.