ئەمڕۆ چوار شەممە 3ـی مايسى 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەلینا ڕۆمەناوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و ئیرڤن هیكس، كونسولی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەریان كرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم، لەو كۆبووونەوەیەدا دوایین پێشهات و پەرەسەندنەكانی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا تاوتوێ كرا.
تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەكە، تایبەت بوو بە گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ. هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی “پێویستە بە زووترین كات ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ تایبەت بە نەوت جێبەجێ بكرێت و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەست پێ بكاتەوە بۆ ئەوەی چیتر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان وعێراق بە گشتی زیانمەند نەبن”.
سەبارەت بە دۆخی هەرێمی كوردستانیش، سەرۆكی حكومەت دووپاتی كردەوە، كە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەمساڵ لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ پێشكەشكردنی هەموو كارئاسانییەك دەربڕی.
بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆكردن بوو لەبارەی “چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و گرنگیی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال و ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكە و دەرچوونی میلیشیا و گرووپە چەكدارە نایاساییەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنەكانیان”.