لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، کە بنکەکەی لە پاریسە ڕیزبەندی ساڵانەی خۆی بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری لە وڵاتانی جیهان بە پێی پێوەرەکانی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری بڵاوکردەوە.
ریزبەندی پۆلێنکردنی ڕێکخراوەکە، کە ١٨٠ وڵاتی لەخۆگرتووە، تیادا دەرکەوتووە کە دۆخی رۆژنامەگەری تەنها لە ٨ وڵاتدا زۆر باشە، لە ٤٤ وڵاتدا باشە و لە ٥٥ وڵاتیشدا ئاستەنگی بۆ دێتە پێش، لە ٤٢ وڵاتدا لەدۆخێکی سەختدایە، لە ٣١ وڵاتیشدا زۆر سەخت و دژوارو مەترسیدارە.
بنەمای تۆماری هەر وڵاتێک لەم ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، پەیوەستە بە پێنج نیشاندەر، کە یارمەتیدەرن بۆ تێگەیشتن لە ئاستی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە وڵات یان ناوچەکەدا ئەوانیش: چوارچێوەی سیاسی، یاسایی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری، پاشان سەلامەتی و ئاسایش.
ڕاپۆرتەکەی پەیامنێرانی بێ سنوور ئاماژەی بەوە کردووە، کە بواری ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، “هێشتا لەژێر کاریگەرییەکی خنکێنەردا دەناڵێنێت”، جا چ لەسەر دەستی ڕژێمە تاکڕەوەکان بێت یان بەهۆی ئەو سانسۆرەی کە میلیشیاکان بەسەر میدیاکاندا سەیسەپێنن.
ڕێکخراوەکە نموونە دەهێنێتەوە و ئاماژە بەوە دەدات کە ئێران (پلەی ١٧٧) هێزو توانای خۆی چڕتر کردەوە بۆ سەرکوتکاری ڕۆژنامەوانان و لە چەند مانگی دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی زیاتر لە ٧٠ ڕۆژنامەنووسی دەستگیر کردووە.
شانشینی سعودیە لە پلەی (١٧٠) هێشتا لە خوارەوەی ڕیزبەندییەکەدایە و بەردەوامە لە سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان و دەرکردنی سزای توند بەسەریاندا و ڕێگریکردن لە چوونە دەرەوەیان لە وڵات.
هەروەها لە کەنداودا بە گشتی دەسەڵاتداران بۆ کۆنترۆڵکردنی بواری ڕۆژنامەگەری پەنا بۆ کاری سیخوڕی و سانسۆر دەبەن.
لە ئوردن، دادگاکان بەردەوامن لە سەپاندنی قەدەغەی بڵاوکردنەوەی هەندێک زانیاری.
سانسۆر لە میسر بەردەوامە و سووریا هێشتا یەکێکە لە مەترسیدارترین وڵاتەکانی جیهان بۆ سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان، کە خۆیان دەبیننەوە لە نێوان بۆردومانی خوێناوی سوپای بەشار ئەسەد و ئاگری میلیشیا جۆراوجۆرەکان و دەستێوەردانە سەربازییەکانی تورکیا، لە دوای ئەویش یەمەن و عێراق مەترسیدارن بۆ کاری رۆژنامەنوسی.
ڕێکخراوەکە تیشکی خستە سەر ئەو پێشکەوتنانەی قەتەر بەدەستی هێناوە بەو پێیەی لە ڕیزبەندی جیهانیدا ١٤ پلە پێشکەوتووە، بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی ئاسانکاری زۆرێک لە یاساکان بۆ کاری ڕۆژنامەوانی.
ئەمانەی خوارەوە ڕیزبەندی وڵاتانی عەرەبیین:
١ جزرلقەمەر ٧٥
٢ مۆریتانیا ٨٦
٣ قەتەر ١٠٥
٤ لوبنان ١١٩
٥ تونس ١٢١
٦ جەزائیر ١٣٦
٧ سۆماڵ ١٤١
٨ مەغریب ١٤٤
٩ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ١٤٥
١٠ ئوردن ١٤٦
١١ سودان ١٤٨
١٢ لیبیا ١٤٩
١٣ کوێت ١٥٤
١٤ عومان ١٥٥
١٥ فەلەستین ١٥٦
١٦ جیبۆتی ١٦٢
١٧ میسر ١٦٦
١٨ عێراق ١٦٧
١٩ یەمەن ١٦٨
٢٠سعودیە ١٧٠
٢١ بەحرەین ١٧١
٢٢ سوریا ١٧٥