وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، لە ساڵی (2022 – 2023) بۆ یەكەمجار چوار بەنداوی نوێ تەواو بوون، بە تێكڕا توانای گلدانەوەی 28.6 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە.
بێگەر تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاندووە، دوای هەوڵ و ماندووبونێكی زۆر لە ساڵی (2022 – 2023) بۆ یەكەمجار (چوار) بەنداو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان تەواوبوون.
ڕاشیگەیاندووە، بۆ ئەمساڵ سوود وەرگیراوە لە گلدانەوەی سەرچاوەكانی ئاو، وەك هەنگاوێكی ستراتیژی گرنگیدان و بەرەو باشتركردنی ژێرخانی بەرێوەبردن و زیادكردنی خەزانی ئاو و بوژانەوەی سێكتەری كشتوكاڵ و ئاودێری لە هەرێمی كوردستان.
چوار بەنداوە نوێیەكەی هەرێمی كوردستان پێكهاتوون لەمانە:
1- بەنداوی دێوانە لە سلێمانی، توانای هەڵگرتنی 19 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە
2- بەنداوی تورەجاڕ لە گەرمیان، توانای هەڵگرتنی 1.7 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
3- بەنداوی خنس لە دهۆك، توانای هەڵگرتنی 6.7 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
4- بەنداوی چەمرگە لە هەولێر، توانای هەڵگرتنی 1.2 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.