بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی سلێمانی رایگەیاند، جیاوازی بارانی ئەمساڵ ١٠٠ تا ٢٠٠ ملم زیاترە بەراورد بە وەرزی ٢٠٢١-٢٠٢٢ بەھۆی زۆربوونەوەی شەپۆلەکانی باران لەدوو مانگی رابردوودا.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماری باران بارینی مانگی نیسانی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، لە ماوەی مانگی نیساندا بڕی ١٤٥.١ ملیمەتر باران لە شاری سلێمانی باریوە.
راشیگەیاندووە، زۆرترین رێژەی باران بارین لە ناوچەکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە گوندی بەرزنجەی سەر بە ناحیەی سرۆچک بووە بە شێوەیەک تەنها لەو گوندە بڕی ١٩٣.٨ ملیمەتر باران باریوە.
کەشناسی سلێمانی دەشڵێت:” کەمترین رێژەی باران بارین لە ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی لە گوندەکانی دووکان بووە و لە ماوەی مانگی نیساندا تەنها ٥٧.٢ ملیمەتر باران باریوە”.
بە پێی ئامارەکەی کەشناسی سلێمانی، لە شاری هەڵەبجە ٧٩.٨ ملیمەتر باران باریوە و زۆرترین رێژەی باران بارین لە دەوروبەری ئەو پارێزگایە لە ناحیەی بیارە بووە بە جۆرێک بڕی ١٣٤.٧ ملیمەتر باران باریوە.