وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێك دەربارەی دەرماڵەی هاوسەر و منداڵ دەردەكات و جەختدەكاتەوە، كچ دوای شووكردنی دەرماڵەكەی دەبڕدرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ گشتاندنێكی سەبارەت بە دەرماڵەی خێزان و منداڵ دەركردووە و ئاماژەی بەوەكردووە، “گشت ئەفسەران و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان ئاگادار دەكەینەوە، ئەوانەی دەرماڵەی منداڵ و خێزان وەردەگرن ئەو منداڵانەی كە رەگەزی (مێ)ن و 18 ساڵیان تەواوكردووە، بەڵگەنامەی دادنووس بهێنن، بۆ سەلماندنی ئەوەی كە شوویان نەكردووە”.
هەر بەپێی گشتاندنەكە، “هیچ جۆرە پشتگیرییەكی موختار یان شارەوانی وەرناگیرێت”.
بەپێی ڕێنماییە داراییەكان لە فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم دەرماڵەی هاوسەر 50 هەزار دینارە و هەر منداڵێكیش 10 هەزار دینارە، بەڵام بۆ هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ جیاوازە و بۆ هاوسەر 75 هەزار دینارە و بۆ منداڵ 15 هەزار دینارە.