سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، لە سۆنگەی دواخستنی هەڵبژاردنەكان و بە ناچاریی درێژكردنەوەی تەمەنی دامەزراوەكانەوە لەكەیەكی گەورە لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی هەرێم پەیدابووە بۆیە سەرجەم نوێنەرانمان لە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان و حكوومەتی خۆجێی سلێمانی دەست لەكاركێشانەوەی خۆیان پێشكەش دەكەن.
عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لەلای هەموو لایەك ئاشكرایە كە لە سۆنگەی دواخستنی هەڵبژاردنەكان و بە ناچاریی درێژكردنەوەی تەمەنی دامەزراوەكانەوە لەكەیەكی گەورە لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان پەیدابووەو، ترسی جیددیش بەهۆی كێشە و قەیرانەكانەوە لەسەر قەوارەكەش دروست بووە.
ڕاگەیاندراوێك بۆ ڕای گشتی جەماوەری بەڕێزی هەرێمی كوردستان:
١- لەلای هەموو لایەك ئاشكرایە كە لە سۆنگەی دواخستنی هەڵبژاردنەكان و بە ناچاریی درێژكردنەوەی تەمەنی دامەزراوەكانەوە لەكەیەكی گەورە لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان پەیدابووەو، ترسی جیددیش بەهۆی كێشە و قەیرانەكانەوە لەسەر قەوارەكەش دروست بووە.
٢- لەلایەكی دیكەشەوە تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و حكوومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانییش هەر ماوەیان بەسەرچوەو، لەو ڕووەوە لە پەرلەمان جیاوازیی نیە.
بۆیە بە پێویستمان زانی لە كۆبوونەوەی گشتیی ئەمڕۆدا سەرجەم نوێنەرانمان لە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان و حكوومەتی خۆجێی سلێمانی دەست لەكاركێشانەوەی خۆیان پێشكەش بكەن.
٣- سوپاس و پێزانینیشمان بۆ هەموو براو خوشكانی نوێنەرمان هەیە لە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارزگاكان و حكوومەتی خۆجێی سلێمانی كە لە ماوەی ڕابردوودا دڵسۆزانە بە ئەرك و كاری خۆیان هەڵساون.
عەلی باپیر
سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان
١/٥/٢٠٢٣ز
١١ی شەووالی ١٤٤٤ك