وەفا محەمەد كەریم ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت، ئەركی حكومەتی فیدراڵە تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە بكات، دوای ئەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم ڕاوەستا و دۆسێی نەوتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ كرا.
ئەمڕۆ دوو شەممە، وەفا كەریم بە ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی ڕاگەیاندووە، “هەرێم نەوتەكەی بەتەواوی لەژێر ئیدارەی سۆمۆدایە و هەرێم ڕادەستی كردووە، هەربۆیە پارەی تەواوی نییە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی نیسان”.
بە وتەی ئەو ئەندامەی پارتی دیموكراتی كوردستان:”هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، پێویستی بە بڕی 920 ملیار دیناری مانگانە هەیە، بۆیە بەهۆی ڕاوەستانی هەناردەی نەوت، ناتوانێت بە تەواوی مووچەی فەرمانبەران دابین بكات”.
وەفا كەریم دەڵێت”بەغدا بڕی 400 ملیار دیناری پێشوەختە دەدات كە لەسەری ڕێككەوتوون، ئەم بڕە پارەیە لەگەڵ ئەو بڕە پارانەیە كە لە وەزارەتی داراییدایە، لەو ڕێگەیەوە دەتوانێت مووچەی مانگی نیسان خەرج بكات، تا بودجە پەسەند دەكرێت”.
پێشتر محەممەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كۆمەڵێك میدیای ناوخۆیی ڕایگەیاندبوو، “رێككەوتنی 4ی نیسان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنێكی گرنگە، و ئەو پەیوەندییە ڕێكدەخات كە ئێمە بەشداریمان كرد لە ڕێكخستنی لە ڕێگەی ئەو ناوەڕۆكانەی دەخرێنە نێو پڕۆژەی بودجەوە”.
سودانی بە ئەركی حكومەتی فیدراڵی دەزانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، چ لە هەرێم بێت یان هەر پارێزگایەك، ئەمەش وەك سودانی دەلێت “خەڵات و پاداشت نییە و ئەنجوومەنی وەزیران كاری لەسەر دەكات. ”
سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو””كۆی گشتی پشكی تەرخانكراوی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا تائێستا جێگیرە كە 12.67، و هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا نەكراوە”.