ئەمڕۆ یەکێتی و گۆڕان کۆبوونەوە، باس لە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان و ڕووبەڕووبونەوەی ئاڵانگارییەکان کرا، هەوڵیشدەدەن بە زووترین کات ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکەن.
ئەمڕۆ پاش کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە دەباشان ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش بڵاوکراوەتەوە، تێیدا گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن کراوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هەردوولا هەوڵ بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حزبەکانیان دەدەن، هاوکات ڕەخنە لە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان دەگرن، ” رەوشە سیاسییەی لە ئێستادا ئەگوزەرێک نە لە بەرژەوەندی خەڵکەو نە جێی رەزامەندی هیچ لایەکە، بۆیە پێویستە هەمووان هەوڵی باشکردن و رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد بدەن و تەبایی نێوخۆیی بەرپا بکەنەوە”.
پرسی هەڵبژاردن یەکێکی دیکەیە لەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، هەردوو حزب جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا کردووە، “پێویستە چی زووە ڕێککەوتن و سازانی لەبارەوە بکرێت و لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوانەکەوێت”.