بانكی ناوەندی بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بڕیاریدا



بانكی ناوەندی عێراق ڕێكاری دیكە بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار دەردەكات و ڕایدەگەیەنێت، كاریگەری گەشەی ئابووری ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر قەبارەی داواكارییەكان و دەشڵێت: “ژمارەی ئەو بانكانەی بەشدارن لە پلاتفۆرمی داواكاری دراوی بیانیدا زیادیان كردووە”.

محەمەد یونس، بەڕێوەبەری فەرمانگەی وەبەرهێنان لە بانكی ناوەندی لە لێدوانێكیدا ئاماژەی بەوەكردووە، گەشەی ئابووری یارمەتیدەر بووە لە كەمكردنەوەی نرخی دۆلار لە نێوان بازاڕ و بانكی ناوەندی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا.

ئاماژەی بەوەشكردووە، داواكاری بۆ كڕینی دۆلار لە سەكۆی بانكی ناوەندی بەڕێژەی 155 %ە لە ئێستادا، پێشتر 42 داواكاری هەبوو لە هەفتەیەكدا، بەڵام ئێستا 1280 داواكاری هەیە.

ئاشكراشی كردووە، ئەمە كاریگەری بەرچاوی لەسەر قەبارەی داواكارییەكان هەبووە، چونكە ماوەیەك لەمەوبەر نزیكەی 44 ملیۆن دۆلار لە هەفتەیەكدا داوادەكرا، بەڵام لە ئێستا بۆ 490 ملیۆن دۆلار لە هەفتەیەكدا بەرزبۆتەوە.

وتیشی، “هەوڵمانداوە قەبارەی مامەڵەكان بە دۆلار كەم بكەینەوە و چەند ڕێكارێكی حكومیش بۆ پشتوانی دیناری عێراقی گیراوەتەبەر و لەوانەش دابەشكردنی مووچەی كرێكار و كارمەندی بیانی بە دیناری عێراقی و ڕسوماتی گومرگ و باج و مامەڵەی ناو فەرمانگەكان بە دیناری عێراقی بێت”.

‎لای خۆشیەوە، كۆمەڵەی بانكە ئەهلیەكانی عێراق جەختلەوە دەكاتەوە، كە دینار بەرەو هەستانەوە دەڕوات و بەهێزی و سەقامگیری بۆ دەگەڕێتەوە.

‎ سەمیر نوسەیری، ڕاوێژكاری كۆمەڵەكە ڕایگەیاندووە، “دینارەكەمان بەرەو چاكبوونەوە و گەڕانەوەی بەهێز و سەقامگیری دەگەڕێتەوە، چونكە یەدەگی دراوی بیانی 110 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، كە 130 تۆن زێڕ لەخۆدەگرێت، ئەمەش بڕێكی باشە بۆ ئابووری هەر وڵاتێك و بەرزبوونەوەی بەهاكەی”.

وەزارەتی پەروەردە لەبارەی تاقیكردنەوەكانەوە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە
پێت وەزارەتی پەروەردە لەبارەی تاقیكردنەوەكانەوە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە
دوات نرخی دۆلار بەرزبووەوە
پەیوەنیدر