سەندیكای پزیشكانی سودان بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی شەڕوپێكدانی نێوان سوپا و هێزەكانی پشتیوانی خێرا بۆ 411 كوژراو و 2023 بریندار ڕادەگەیەنێت.
بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ شەممە لەلایەن سەندیكای پزیشكانی سودانەوە بڵاوكرایەوە”هێشتا پێكدادان لە نێوان هێزەكانی پشتیوانی خێرا و هێزە چەكدارەكاندا بەردەوامە و بەو هۆیەوە ژمارەی قوربانیانی مەدەنی بۆ (411) كوژراو و (2023) بریندار بەرزبووەتەوە”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”ژمارەی كوژراو و بریندارەكان لەم ژمارەیە زیاترە، بەو پێیەی هاتووچۆ و ڕەوشی ئەمنی لە وڵاتدا قورسە و نەیانتوانیوە بگەنە زۆرێك لە نەخۆشخانەكان”، ئەمەش لەكاتێكدایە كە مەترسیدارترین ململانێی سودان پێی نایە چواردەیەمین ڕۆژەوە، بەبێ ئەوەی هیچ دەستەواژەیەك بۆ چارەسەرێكی نزیك لە سودان دەربكەوێت.
شەڕوپێكدادانی بەردەوامی نێوان سوپا و هێزەكانی پشتیوانی خێرا بوونەتە هۆی ئەوەی زۆرێك لە وڵاتان هەوڵەكانیان بۆ دەربازكردنی هاووڵاتیان و نێردە دیپلۆماسییەكانیان لە ڕێگەی وشكانی و دەریایی و ئاسمانییەوە، چڕبكەنەوە.
شەڕوپێكدادانەكان لە سودان، لە دوای 15ی نیسانەوە لە نێوان سوپا و هێزەكانی پشتیوانی خێرا دەستیانپێكرد، بەپێی ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش، سەدان كەس كوژراون و هەزاران كەسی تر برینداربوون، وێڕای ئاوارەبوون و هەڵاتنی دەیان هەزار كەس.