سەرۆكی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان پێیوایە، بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان بێ متمانەیی دروستكردووە و پێویستە سەركردایەتی دوو حزبەكە پێكەوە دابنیشن و هەوڵی گێڕانەوەی متمانە بۆ خەڵك بدەن، ڕەتیشدەكاتەوە حزبەكان دەستوەردانیان لە كارەكانیدا كردبێت.
حاكم كاوە فەتحی مەعسوم، سەرۆكی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، “بەداخەوە، بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان بێ متمانەیی دروستكردوە، پێویستە سەركردایەتی دو حزبەكە پێكەوە دابنیشن و هەوڵی گێڕانەوەی متمانە بۆ خەڵك بدەن”.
بە وتەی كاوە فەتحی مەعسوم:” هەندێك لە خەڵكی هەرێمی كوردستان پەنجەی تۆمەت بۆ بەرپرسانی باڵای حزبەكان درێژدەكەن و تۆمەتباریان دەكەن بە گەندەڵی و كوشتن و داڵدەدانی بكوژان، هەروەها ئاماژە بەوەدەكەن دادگاكان لە ئاست تاوانی بەرپرسان دەستەوەستانن”، ئەو پێیوایە:” “دادوەری لێهاتو دەتوانێت هەموو لێپێچینەوەیەك بكات، ئەو سەرۆكی داواكاری گشتی هەرێمە و ڕۆژێك لە ڕۆژان هیچ لایەنێك نە پارتی نە یەكێتی دەستوەردانی لە كارەكەیدا نەكردووە”.
سەرۆكی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان:”سەردانی دادوەر بۆ لای بەرپرس و بارەگای حزبی خەلەلی دادوەرەكەیە، ئێمە ڕازی نابین هیچ ئەندامێكی داواكاری گشتی سەردانی هیچ حزب و بارەگای رێكخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بكات”.