كیم یو جۆنگ خوشكی سەرۆكی كۆریای باكوور هێرشی دەكاتە سەر جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا و ڕەخنەی لە ڕێككەوتنی نوێی بەرگری نێوان سیئۆل و واشنتن دەگرێت.
ئەمڕۆ شەممە خوشكەكەی سەرۆكی كۆریای باكوور ڕایگەیاند، وڵاتەكەی نمایشی زیاتری هێزە سەربازییەكانی دەكات، وەك وەڵامێك بۆ ڕێككەوتنێكی نوێی نێوان ئەمریكا و كۆریای باشوور كەۆ چڕكردنەوەی ڕێگری ئەتۆمییە و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەتۆمییەكەی كۆریای باكوورە”.
كیم یۆ جۆنگ كە جێگری بەڕێوەبەری بەشی كۆمیتەی ناوەندی پارتی كرێكارانی كۆریایە، دەڵێت:” سیئۆل و واشنتن سوورن لەسەر خستنەڕوو دوژمنایەتی خۆیان بەرامبەر پیۆنگ یانگ، ڕێككەوتنی نێوان ئەمریكا و كۆریای باشوور ڕەنگدانەوەی ئیرادەی دوژمنكاری و شەڕانگێزی هاوپەیمانانە دژی باكوور، ئەمەش ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەكەدا دەخاتە مەترسییەوە”.
كیم یۆ جۆنگ پێیوایە:”ڕاگەیاندنەكەی واشنتن دەبێتە هۆی هەڕەشەیەكی گەورەتر بۆ سەر ئاسایشی باكووری خۆرهەڵاتی ئاسیا و هەموو جیهان كە بە هەڵوێستێكی نەخوازراو دادەنرێت”.
كیم كە بە كاریگەرییەكانی لەسەر پرسەكانی كاروباری نێوان كۆریاكان لە پیۆنگ یانگ ناسراوە، هۆشداری دەدات لە گۆڕانكاری ئەمنییەكان و پێیوایە دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كۆریای باكوور”رێوشوێنی یەكلاكەرە” بگرێتەبەر.
كیم ڕەخنەی لە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا و یۆن سۆك یۆل سەرۆكی كۆریای باشوور گرت و هۆشداریەكەی بایدنیشی ئیدانەكرد سەبارەت بەوەی كە هەر هێرشێكی ئەتۆمی دژی ئەمریكا یان هاوپەیمانەكانی، دەبێتە هۆی كۆتایی هاتنی ڕژێمەكەی.
ئاژانسی (یۆنهاب)ی كۆریای باشوور لە زاری خوشكەكەی سەرۆكی كۆریای باكوورەوە بڵاویكردە:”بایدن لە حیساباتەكانیدا هەڵەی زۆری كردووە و بە شێوەیەكی نابەرپرسانە چاوقایمی نواندووە”، هۆشدارییەكەشی بە كۆمێنتێكی بێ مانا لەلایەن كەسێكی خەڵەفاو دەستەوستان لەڕووی لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی ئاسایش و ئایندەی ئەمریكاوە وەسفكردووە و ڕایگەیاندووە:”ئەو پیاوێكی پیری بێ دواڕۆژە، قورسە بتوانێت دوو ساڵی داهاتووی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی تەواو بكات”.