تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی دووەمی خوێندكاران لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد و قۆناغەكانی (1 و 2 و 3)ی بنەڕەتی تەنها هەڵسەنگاندن دەكەن و دواتر پشووی كۆتایی ساڵیان دەستپێدەكات.
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، 380 هەزار خوێندكاریان هەیە لە هەزار و 404 ناوەندی خوێندندا.
ڕاشیگەیاند، قۆناغی (1 و 2 و 3)ی بنەڕەتی تاقیكردنەوەی هەڵسەنگاندنیان هەیە و قۆناغەكانی دیكە تاقیكردنەوەكانیان بە نووسینە.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەشڵێت: “پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵمان بە هێمنی بەڕێ كرد و گەیشتینە قۆناغی كۆتایی”.
وتیشی، “ئەوەی گرنگە تاقیكردنەوەی پۆلی 9-یە لەمساڵدا، كە 26 جۆر پرسیار هەیە و ناو و كۆدی خوێندكاران لەسەر پرسیارەكان هەیە”.
ئاشكراشی كرد، 380 هەزار خوێندكار هەیە، كە 40 هەزاری پۆلی 12-یە و لە 3ی حوزەیران تاقیكردنەوە دەكەن و 340 هەزاری هەموو قۆناغەكانی ترە، كە پۆلی 9 ئەمڕۆ لە 463 هۆڵدا تاقیكردنەوە دەكەن و 27 هەزار و 554 خوێندكارن.
جەختیشی كردەوە، ئەنجامی تاقیكردنەوەكان زوو دەردەچن، چونكە پرسیارەكان هەمووی بە ئامێر سەح دەكرێن.