پاشەکشێی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون



یاسین مەحمود رەشید
پاشەکشێی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون
بازاڕ و دۆخی ئابوری هەرێم ناسەقام گیرتر دەکات

ئاشكرایە كە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان گەشەیەكی بەرچاویان بە ئابووری هەرێمی كوردستان داوە و هۆکار بوون بۆ بوژانەوە و سەرپێکەوتنی پرۆسەی ئاوەدانی، بەتایبەت پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان كە بەشێكی سەرەكی پڕۆژەی وەبەرهێنانن و لە ماوەکانی ڕابردووشدا خواستێكی زۆریان لەسەر بووە، بەڵام سەروەخت لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانەکان بەراورد بەو ڕابردووە پڕ جووڵەیەی کە هەبوو بازاڕی یەكەی نیشتەجێبوون پاشەكشەیەكی زۆری كردووە و بە ڕێژەیەكی گەورە خواستی هاووڵاتیان بۆ ئەم سێكتەرەی وەبەرهێنان كەمیكردووە، ئەویش بەهۆی كاریگەری نەرێنی دۆخە جیاوازەکان، کە لە خوارەوە ڕوونیان دەكەینەوە كە هەندێكیان هۆكاری سیاسی یاخود ئابوورین، بەڵام هەندێكیان ڕاستەخۆ پەیوەندیان بە خودی پڕۆژەكان و وەبەرهێنەرانەوە هەیە ئەوانیش:

1. ڕێكخستنی زەمینەیەكی لەبار و ئاسان لەلایەن حكومەتی ناوەندی بۆ وەبەرهێنەر و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و پشتگیری كردنیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون و پێدانی قەرزی ئاسانكاری بۆ هاوڵاتیان کە فاكتەرێكی كاریگەرە وەبەرهێنەران بەهۆیەوە ڕوو لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بكەن بۆ بونیادنانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون، لە ئەنجامی ئەو ئاسانكاریانەی بۆیان دەكرێت وەبەرهێنەران دەتوانن پڕۆژەكانیان بە كوالێتیەكی باش و قیستی درێژخایان بخنەڕو ئەمەش هۆكارێكی سەرەكیە بۆ زیادبوونی خواستی هاووڵاتیان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە بەرامبەریشدا كەمبوونەوەی خواست لەسەر یەكەی نیشتەجێبوون لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
2. یەكێكی دیكە لە هۆكارەكان ، نە ناردنی شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی حكومەتی هەرێمە لەلایەن حكومەتی ناوەند، كە ئەمەش بوەتە هۆی كورتهێنانی بودجەی هەرێم و كەمبوونەوەی نەختینە لە بانكەكاندا، كە بارگرژیەكی ئابووری هێناوەتە كایە و كاریگەری خراپی دروست كردووە لەسەر ڕەوشی وەبەرهێنان بە گشتی و پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون بە تایبەتی، لەبەرئەوەی حكومەتی هەرێم بەهۆی كەمی بودجەوە نەیتوانیوە پێشینە و شایستە داراییەكانی وەبەرهێنەران و بەڵیندەران خەرج بكات و مافەكانی فەرمانبەرانی حكومەت وەك پێویست بدات، كە ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی بێكاری و سستی بازاڕ و كەمكردنەوەی خواستی بازاڕ بە گشتی و پڕۆژە نیشتەجێبوونەكانی وەبەرهێنان بە تایبەتی.
3. یەكێك لە بنەماكانی گەشە و پێشكەوتنی ئابووری بە گشتی و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بە تایبەتی، بە دیاری كراوی سێكتەری نیشتەجێبوون، بریتییە لە سەقامگیری و ئاسایشی سیاسی، بەڵام نائارامی و قوڵبونەوەی ململانێی سیاسی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان گورزی کوشندەی لەم سیکتەرە داوە و هەروەها لەلایەكی کەشەوە كێشە و گرفتەكان لەگەڵ حكومەتی ناوەند سەرباری دوایین ڕێکەوتنمان كاریگەری راستەو خۆی هەیە بۆ نەهێشتنی متمانەی وەبەرهێنەران و پاشەكشەی بازاڕی یەكەی نیشتەجێبوون و كەمبوونەوەی خواست لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
4. وەستان و ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم و دەس پێنەکردنەوەی تا ئیستا هۆكارێكی دیكەی دابەزینی ئاستی بازاڕی یەكەی نیشتەجێبوونە.
5. زۆری مۆڵەتەكانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە لایەك و بێ بەرنامەیی لە هەڵنەسەنگاندنی ئەو وەبەرهێنەرە نوێیانەی داوای مۆڵەت دەكەن لە لایەکی تر ڕاستەوخۆ کاریگەری نەرینی دروست کردوە لە سەر تەواوی پڕۆژەکان لە هەریمی کوردستان لەبەرئەوەی كاتێك وەبەرهێنەرێكی بێ ئەزموون مۆڵەتێك بەدەست دەهێنێت بێگومان كوالێتی پڕۆژە نیشتەجێبوونەكەشی نزم دەبێت و لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیدا کیشەوگرفت دەخوڵقینن و ناتوانن لە ئاست داخوازی و ویستی هاووڵاتیاندا ببن بەمەش پاشەكشە لە بازاڕی
نیشتەجێبوون دێتەكایەوە.
6. زۆربەی پڕۆژە نیشتەجێبوونەكان (high cost)ن، ماوەی گیڕانەوەی قیستەكانیان زۆر كورتن و لە (3 بۆ 5)ساڵ زیاتر نین، ژمارەیەكی كەم لە هاووڵاتیان لە توانایاندا بەشداری لەم پڕۆژانەدا بكەن بە واتایەكی تر خواست لەسەر ئەم پڕۆژانە كەمە بەگشتی دەبێتە هۆی داكشانی بازاڕی یەكەی نیشتەجێبوون، بۆ چارەسەر كردنی ئەم لایەنەش پێویستە هانی وەبەرهێنەران بدرێت پشتگیریان بكرێت تاوەكو پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە قیستی درێژ خایەن بفرۆشن بە جۆرێك كە نرخی یەكەكان لە ماوەی (10 بۆ 15) ساڵ لە بەشداربووان وەربگرنەوە، بەم هۆیەشەوە زۆربەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا دەتوانن بەشداربن كە ئەمەش دەبێتە هۆی زۆربوونی خواست و دواجار بوژانەوە و هەڵكشانی بازاڕی یەكەی نیشتەجێبوون.
7. گرانی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی مانەوە(إقامە) لەلایەن هاووڵاتیانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و تەنانەت خەڵكانی بیانی، كە گاریگەریەكی گەورەیان هەیە لەسەر بازاڕی یەكەی نیشتەجێبوون لەبەرئەوەی زۆرینەیان خوازیاری كڕینی یەكەن لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی بەدەستنەهێنانی رەزامەندی مانەوە ناتوانن یەكە بكڕن .
8. نا سەقامگیری بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار و زۆربەی دراوەكانی دیكە بە گشتی هۆكارێكی دیكەی سستبوونی بازاڕن لە هەرێمی كوردستان، سەرەڕای دیاریكردنی نرخەكەی بەڵام تاوەكو ئێستا نرخی دینار بەهاكەی لە بازاڕدا كەمترە لەو نرخەی لەلایەن بانكی ناوەندی عیراقییەوە دیاریكراوە، كە سەرئەنجام ئەمەش پشێوی بازاڕ و دابەزینی خواستی هاووڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێناوە و کاریگەری خراپی لەسەر بازاڕی یەكەنیشتەجێبوونەكان دروستكردووە.
9. ڕوودانی بومەلەرزە كارەساتبارەكەی وڵاتانی توركیا و سوریا كە بووە هۆی داڕمانی چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون،ترس و دوودڵی دروستكرد لای هاووڵاتیانی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی بە جۆرێك كە خواستیان بۆ كڕینی شوقە كەمبووەتەوە.
10. هەبوونی ئارەزووی زیاتر بۆ نیشتەجێبوون لە ڤێلا و خانوو لە جیاتی ( شوقە ) لەلایەن هاووڵاتیانەوە كە ئەمەش كاریگەی نەرێنی هەیە لەسەر كەمی بازاڕی یەكەی نیشتەجێبوون بە گشتی لەبەرئەوەی زۆربەی پڕۆژە نیشتەجێبوونەكانی وەبەرهێنان لە ئێستادا بە شێوازی ستوونی (شوقە) جێبەجێدەکرێن.
لەکۆتاییدا،پێویستە حکومەتی هەرێم بیر لە چارەسەرێکی بەپەلە بکاتەوە، ئەو پاشەکشێیەی کە
لەماوەی ڕابردوودا تەنها خۆی لە ٪٢٠ ب٠ ٪٢٥ دەبینێتەوە، دوور نییە نەبێتە هەرەس هێنانێکی گەورە بۆ ئەم سێکتەرە کە لە ئیستادا بەهای نزیکەی دە ملیار دۆلاری تیدا بەگەڕ خراوە جگە لە پڕۆژە تەواو بوەکان .
ڕوون و ئاشکرا دیارە، کە بەهۆی پاشەکشێی ئەم کەرتەوە داهاتی ناوخۆیی و نانەوتی هەرێمیش ڕووی لە دابەزین کردووە و رۆژ لە دوای رۆژ ڕوو لە کەمی دەکات، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، سەدان و بگرە هەزاران هەلی کار لەدەستدراون و دەستی کاری ناوخۆ بێکار و جوڵە ماونەتەوە و بوونەتە بارگرانییەکی دیکەی سەر بازاڕی کاری ئەم هەرێمە.
پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبارێك دەستگیركرا فێڵی لەكەسانی بەتەمەن و خانەنشینان كردووە
پێت پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبارێك دەستگیركرا فێڵی لەكەسانی بەتەمەن و خانەنشینان كردووە
زێدان دەگەڕێتەوە بۆ جیهانی مەشق و ڕاهێنان
دوات زێدان دەگەڕێتەوە بۆ جیهانی مەشق و ڕاهێنان
پەیوەنیدر