سەرۆكایەتی توركیا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باكووری سووریا دەكرێت بە چەند ڕێگایەك بێت و وادە و شێوازەكەی توركیا خۆی دیاریدەكات.
سەرۆكایەتی توركیا لەبارەی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەر ڕۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ پارێزگارییە لە یەكپارچەیی خاكی سووریا.
شەوی ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ڕایگەیاند، بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە باكووری سووریا مۆڵەت وەرناگرن و حساب بۆ هیچ كەسێكیش ناكەن.
ڕاشیگەیاند ئۆپەراسیۆنەكە لەكاتێكی گونجاو دەستپێدەكات.
ناڕاستەوخۆ، ڕەخنەشی لە ئەمریكا گرت كە بەناوی داعشەوە هاوكاری یەپەگە و هەسەدە دەكات.
بەشێك لە سەرچاوەكان باس لە ئەوە دەكەن، ئەو ئۆپەراسیۆنەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بەرپرسانی توركیا هەڕەشەی دەستپێكردنیان كرد لە زووترین كاتدا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، بەهۆی گووشارەكانی ئەمریكاوە پاشەكشەی كردووە و ئەوەش لە لێدوانەكەی ئەردۆغان خوێنراوەتەوە.