وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ڕایدەگەیەنێت، تیمی ڕێكخراوێكی خێرخوازی سەردانی مەزارگەیەكی پیرۆزی خوشك و برایانی ئێزیدییان لە پارێزگای دهۆك كردووە و نزایەكیان كردووە كە ناوەڕۆكەكەی پێچەوانەی پرەنسیپی پێكەوە ژیانە و برینداركردنی هەستی خوشك و برایانی ئێزیدییە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە بڵاوكرایەوە”ڕێكخراوێك لەژێر ناوی كاری خێرخوازی و مرۆیی لەنێو كەمپی ئاوارەكاندا كاردەكەن بەناوی ( Light The Candle ) و، تیمێكی رێكخراوەكە سەردانی مەزارگەیەكی پیرۆزی خوشك و برایانی ئێزیدی لەپارێزگای دھۆك كردووە، لەگرتەیەكی ڤیدیۆیدا نزادەكەن بەڵام ناوەرۆكی نزاكانیان پێچەوانەی پرەنسیپی پێكەوە ژیانە و برینداركردنی هەستی خوشك و برایانی ئێزیدییە”.
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دەڵێت”ئێمە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی مەسیحیەكان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئێزیدیان، بەتوندی ئیدانەی كاری ئەم رێكخراوە دەكەین، كە بەناوی خێرخوازییەوە ئەنجامدەدرێن، لێرەوە داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەم جۆرە كارانە بگرنە بەر كەسەرەنجام كاریگەری لەسەر ئارامی و ئاشتی كۆمەڵایەتی دەبێت”.