بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئاگاداردەكاتەوە كە بۆ ئەمساڵ هیچ پشكێكی زیاتر لەوەی پێشتر بۆ هەرێمی كوردستان دیاریی كراوە، داواش لە هاووڵاتیان ڕێگەی نافەرمی بۆ چوون بۆ حەج نەگرنەبەر و خۆیان بەدوور بگرن لەو جۆرە كارانە، تاوەكو پارەیان بە فیڕۆنەچێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەوە بڵاوكرایەوە”ئێمە لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە بەردەوام دەبین لە رێكخستنی پرۆسەی حەج و عومرە لە هەرێمی كوردستان و هەر كەس و كۆمپانیایەك لە ژێر ناوی پشكی زیادە یاخود حەجی بازرگانی یاخود هەر ناوێكی دیكە هەوڵی ئەوە بدات پارە لە هاووڵاتیان وەربگرێت ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی توندی یاسایی و كارگێری دەبێتەوە”.
هەر لە ڕیگەیەندراوەكەدا هاتووە”لێرەوە بە پێویستی دەزانین كە هەموو ئەو كەسانە ئاگادار بكەینەوە كە ڤیزای گەشتیارییان هەیە و دەیانەوێ بەم ڤیزەیە حەج ئەنجام بدەن،عەرەبستانی سعوودیە بۆ رێگریكردن لە حەجی بەبێ بەرنامە یاخود حەجی بێ رێگەپێدان چەندین رێككار و سزای راگەیاندووە بۆ ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت بە ڤیزای ساڵانە حەج بكەن، لەكاتی هاتنە پێشەوەی هەر كێشە و گرفتێك بۆ ئەو كەسانە لە سعوودیە ئێمە وەكوو بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە لێی بەرپرس نین و خۆیان بەرپرسیاریەتی ئەو سزایانە لە ئەستۆ دەگرن، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین هەوڵی ئەنجامدانی حەج نەدەن بەو جۆرەی كە لە هەندێك شوێنی نافەرمی بانگەشەی بۆ دەكرێت تاوەكوو پارەی بەفیرۆنەچێت و ڕووبەرووی كێشە نەبنەوە”.
بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان دەڵێت”ئێمە لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی كوردستان هاووڵاتیانمان لە هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە هەر نوێكارییەك لە پرۆسەی حەجدا هەبێت بە شێوەیەكی فەرمی لە رێگەی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەح و عومڕەی هەرێمی كوردستان و دەزگاكانی راگەیاندن بڵاو دەكەینەوە تاوەكوو هەموو هاووڵاتیان لێی ئاگاداربن”.