بانكی ناوەندی عیراق زیاتر لە 187 ملیۆن دۆلاری ئەمریكایی دەخاتە بازاڕەوە كە بە بڕێكی كەمتر بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو دادەنرێت، لە هەمان كاتدا نرخی دراوەكە لە بازاڕەكانی ناوخۆدا هەندێك بەرزبوونەوە بەخۆوە دەبینێت.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، بانكی ناوەندی عیراق، بڕی 187 ملیۆن و 235 هەزار و 328 دۆلاری خستەبازاڕەوە، ئەمەش بە بڕێكی كەمتری فرۆشتنی ئەو دراوە دادەنرێت بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو.
بانكی ناوەندی دەڵێت: “لە كۆی گشتی پارەكە 32 ملیۆن و 400 هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش فرۆشراوە و ئەوی تر كە 154 ملیۆن و 835 هەزار و 328 دۆلار بوو بۆ پتەوكردنی ڕەسیدی بانكەكان بووە لە دەرەوەی وڵات”.
هەر لە بەیاننامەكەی بانكی ناوەندیدا هاتووە، ”لە پرۆسەكەدا 8 بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی نەختینە و 15 بانك بۆ داواكارییەكانی پتەوكردنی ڕەسیدی دەرەوەی وڵات و 44 كۆمپانیا بەشدارییان كردووە، هەر دۆلارێكیش بە 1310 دینار فرۆشراوە.
ئێوارەی پێنج شەممە، نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا بە نزیكەی 142 هەزار دینار مامەڵەی پێوەكرا، لەكاتێكدا دەبوو نرخی دراوەكە زیاتر داببەزێت و بە نرخی فەرمی كڕین و فرۆشتنی پێوە بكرێت كە 132 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێك.