محەمەد سەیهود، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، كۆدەنگییەكی سیاسی هەیە بۆ تێپەڕاندنی بودجە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو، هەر لەو بارەیەوە ئاماژە بە تەواوكردنی گفتووگۆكانی لیژنەی دارایی لەگەڵ شارەزایان دەكات لەماوەی سێ ڕۆژی داهاتوو.
سەیهود لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمان میوانداری وەزیری دارایی دەكات، دواتر میوانداری ئەو وەزیرانەی تر دەكات كە پەیوەندیدارن بە بودجە، بەمەبەستی گوێگرتن و داواكارییەكانیان لەگەڵ ئەوانەی لە خوێندنەوەی دووەمدا لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە پێشنیاركران”.
بە وتەی سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا”ئەم میواندارییە لەمڕۆوە سێ ڕۆژ ناخایەنێت و بۆمەبەستی خێراكردنی پرۆسەی دەنگدان لەسەر یاساكە، “بودجەی ئێستا و ساڵانی 24 و 25 لە ئاستی خواستەكانی گەلی عێراقدایە و لەگەڵ خواستەكانی كارنامەی حكومەت و چوارچێوەی هەماهەنگیدا یەك دەگرێتەوە”.
سەیهود دەڵێت”تەنیا چەند هەفتەیەكی كەم ماوە بۆ دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی یاساكە، دەنگدانی كۆتاییش ناوەڕاستی مانگی داهاتوو تێناپەڕێت”.