بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش دەكات بۆ دامەزراندنی وانەبێژانی هەرێمی كوردستان و ئەو كارەش بە هەنگاوێكی باش بۆ دامەزراندنی مامۆستایان دادەنێت.
دكتۆر سەیوان فەرەج بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە: ”لیژنەیەك پێك هاتووە بۆ ئەوەی دیراسەی دۆخی وانەبێژانی هەرێمی كوردستان بكات، بۆ ئەوەی بزانرێت ژمارەیان چەندە و چەند پارەیان بۆ دامەزراندن پێویستە و چۆنیەتیی چارەسەركردنی كێشەكانیان چۆن دەبێت.”
بە وتەی دكتۆر سەیوان فەرەج : ”لیژنەیەكی هاوبەشە لە نێوان ئەنجومەنی وەزیران و وەزاەرتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی، بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی دامەزراندنیان بدرێت، بۆیە ئەو لیژنەیە كار بۆ دامەزراندنیان دەكات.”
بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: ”ئەو لیژنەیە بڕیار دەدات هەمووان پێكەوە دامەزرێن، یاخود بە قۆناغ بێت، چونكە 35 هەزار وانەبێژ لە هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە ئەوەیان ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێ دەدات، ئەمەش هەنگاوێكی باشە كە وانەبێژان بۆیان دەردەكەوێت كاری لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی دامەزرێن.”