مەترسی هەیه كۆبوونەوەی چوارقۆڵی بڕیارێكی هاوبەشی لە دژی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان لێبكەوێتەوە
بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی و سەرۆكانی دەزگاكانی هەواڵگریی توركیا-رووسیا-سووریا و ئێران لە مۆسكۆ ئەنجام بدرێت.
خولوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە لە ٢٨ی كانوونی یەكەمدا، كۆبوونەوەی سێقۆڵی بە بەشداری وەزیرانی بەرگریی و سەرۆكانی دەزگاكانی هەواڵگریی توركیا-رووسیا-سووریا لە مۆسكۆ ئەنجام دراوە و تیایدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ كراوە و لەسەر درێژەدان بەو كۆبوونەوانە هاوڕابوون.
راشیگەیاند: ”لە دیدارەكانی دواتردا بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا سەبارەت بە بەشداریكردنی ئێران، لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەمەیان بە گونجاو زانی، بەمەبەستی درێژەدان بەم كۆبوونەوەیە، ئامادەكارییەكانمان درێژەی هەیە بۆئەوەی ئەمجارە كۆبوونەوەی چوارقۆڵی ئەنجام بدەین بە بەشداری وەزیرانی بەرگریی و سەرۆكانی دەزگاكانی هەواڵگریی”.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان، كۆبونەوەكە تاوتوێی دواین ڕەوشی سیاسی و سەربازی سووریا بە گشتی و ڕۆژئاوای كوردستان بە تایبەت دەكات.
چاودێرانی ڕەوشەكە مەترسی ئەوەیان هەیە ئەنجامی ئەو كۆبوونەوە هەواڵگری و سەربازییە بڕیارێكی هاوبەشی لە دژی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان لێبكەوێتەوە، بەتایبەت كە توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان بەدوای هەلێكەوەیە تاوەكو وەكو دەستكەوت لە هەڵبژاردنەكاندا بەكاریبهێنێت.
هاوكات مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا ئاشكرایكردووە، كۆبوونەوەی سەرۆكانی چوار وڵاتەكە لەسەرەتای مانگی ئایاردا ئەنجامدەدرێت.
وەزیری دەرەوەی توركیا، ڕایگەیاند، كشانەوەی سووپای توركیا لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان ڕەتدەكاتەوە.
وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە كرد”كشانەوە لە باكووری عێراق و باكووری سووریا جێگەی باس نییە، چونكە واتای ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەكانە، ئەوەش هەڕەشەیە لەسەر مانەوەمان”.
مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی “TV 100″دا، هۆشداری لەبارەی كشانەوەی توركیا لە خاكی سووریادا، ”ئۆپۆزسیۆن دەڵێت ئۆپەراسیۆنەكانی دەرەوەی وڵات رادەگرین، ئێ باشە كشاینەوە و بۆشایی ئەوێ كێ پڕی دەكاتەوە؟ ئایا ئێمە بە قووڵایی ٣٠ كیلۆمەتر ناوچەكەمان پاك نەكردووەتەوە؟ بەڵێ، كاتێك كشاینەوە ئەمانە هاتنە سنوورەكانمان، ئەوا خوا نەكردە هەموو ڕۆژێك لە توركیادا شتێك دەتەقێتەوە”.