سەرۆكی تیمی ئەندازیارانی كۆمپانیای نەوتی باكوور دەڵێت “لە داهاتوودا سەرجەم كێڵگە نەوتی و غازییەكان لە هەرێمی كوردستان دەكەونە ژێردەستی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمیش جگە لە ڕێككەوتن و ڕادەستكردنی سەرجەم كێڵگەكان هیچ دەرچەیەكی تری لەبەردەمدا نەماوە”.
فەرهاد حەمزە محەمەد، سەرۆكی تیمی ئەندازیاران لە كۆمپانیای نەوتی باكوور، بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، “لەبەرئەوەی پرسی نەوت و بەرهەمی هایدرۆكاربۆن سیاسەتێكی ناوەندییه، سەرەنجام هەموو ئەوانە دەبێت بەهاوكاری بەغدا بێت و فرۆشتنەكەی لەژێردەستی عێراق بێت، چونكە سیاسەتی دارایی سیاسەتێكی ناوەندییە.”
دەشڵێت ” لەبەرئەوە لە داهاتوودا هەموو نەوت و گازی هەرێم دەكەوێتە ژێر دەستی حكومەتی ناوەندی عێراق.”
دوای بردنەوەی سكاڵاكەی دژ بە توركیا لە دەستەی ناوبژیوانی لە دادگای پاریس سەبارەت بە دۆسیەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم، لە ئێستادا حكومەتی عێراق لە ناوخۆش دەستیكردووە بە زیندووكردنەوەی سكاڵا كۆنەكانی.
سەبارەت بە هۆكاری سكاڵاكەی كۆمپانیای نەوتی باكوور، سەرۆكی تیمی ئەندازیارانی كۆمپانیاكە، دەڵێت ” خوڕمەڵە قوبەیەكی پەرەپێدراوە 64 بیری تێدا لێدراوە، هەروەها لەبەرئەوەی كێڵگەی كۆرمۆش لە كێڵگە پەرەپێدراوەكانە، هەشت بیری لێدراوە. ئەوەش هەر حكوومەتی عێراق بە هی خۆی دەزانێت بەپێی دەستوور دەبێت عێراق سەرپەرشتی بكات.”
بە بڕوای فەرهاد حەمزە محەمەد، هۆكاری زیندووكردنەوەی ئەم سكاڵایانە لە ئێستادا بۆ گۆڕانی تەرازووی هێزە.
سەرۆكی تیمی ئەندازیارانی كۆمپانیای نەوتی باكوور دەشڵێت “هەتا ئێستا حكوومەتی عێراق قسەی نەكردووە، لەوانەیە بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنی و سیاسیانە بێت، ئێستاش لەبەرئەوەی دەستی باڵاترە ئەو سكاڵایەی جارێكی تر زیندوو كردووەتەوه، لەبەرئەوەی ئێستا تای تەرازووی هێز گۆڕاوە بەلای عێراقدا.”