بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، لە چوار ڕووداوی هاتووچۆدا لەجۆری وەرگەڕان و پێكدادان، هەشت كەس بریندار بوون، سەرجەمیان گەیەنرانە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار و دۆخی یەكێك لە بریندارەكان سەختە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان بڵاویكردەوە، كە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ( دووشەممە 24ی 4ی 2023 بەهۆی چوار ڕووداوی هاتووچۆوە لە سنورەكە هەشت كەس برینداربوون و كە برینی هەندێكیان سەختە .
ڕاشیگەیاندووە، سەرجەم بریندارەكان بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر گەیەنرانە فریاكەوتنی شەهید هەژار لە كەلار، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لێخوڕی یەكێك لەماتۆڕ سكیلەكان ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی سلێمانی كرا و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكان دەستی پێكردوە.
ڕووداوەكان بەم شێوەیە بوون:
ڕووداوی یەكەم
لەجۆری پێكدادان لە نێوان ماتۆڕ سكیلێك و نیسان پیكابدا ڕوویدا لە گوندی باریكەی سەربەناحیەی قۆرەتوو بەهۆیەوە لێخوڕی ماتۆڕ سكیلەكە بەسەختی بریندارەو لەدایك بووی 2001ە.
ڕووداوی دووەم
لەنێوان هەردوو گوندی شێرەوەن و تۆپ عەسكەری سەربەناحیەی قۆرەتوو لەسەر ڕێگای كەلار خانەقین ڕوویدا لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگردا لەجۆری مان فلات و مارسیدس اكترۆز ڕویدا هەردوو شۆفێرەكەو سەرنشینێك برینداربوون، شۆفێری مان فلات لەدایك بووی 1981ەو، شۆفێری مارسیدس اكترۆز لەدایك بووی 1992وەو، سەرنشینەكە لەدایك بووی 1985ە.
ڕووداوی سێیەم
وەرگەڕانی ماتۆڕ سكیلێك بوو لەگەڕەكی شەهیدانی قەزای كەلار بەهۆیەوە لێخوڕی ماتۆڕ سكیلەكە برینداربوو لەدایك بووی 1988ە.
ڕووداوی چوارەم
وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێكی جۆری نیسان سەنی لەنزیك گوندی پیازەجاڕی سەربەناحیەی ڕزگاری بەهۆیەوە سێ كەس برینداربوون، شۆفێر و دوو سەرنشین یەكێكیان كچێكی تەمەن چوار ساڵە لەگەڵ ئافرەتێكی تەمەن 35 ساڵ و شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەش لەدایك بووی 1964ە.