هەسەدە هۆشداری دەداتە ڕووسیا



 

ئەندامێكی فەرماندەیی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند، لە ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێكی زەمینی توركیا، داواشی لە ڕووسیا كرد لە بەرامبەر هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكە بێ هەڵوێست نەبێت.

نەورۆز ئەحمەد لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە دۆخی ناوچەكانیان كرد لە ئەنجامی هێرشەكانی توركیا “هەتا ئێستا جموجۆڵێكی گەورە نییە لەلایەن توركیاوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی، بەڵام توركیا كاتێكی زۆری ناوێت بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ هێرشێكی لەو جۆرە، هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەو هەڕەشانە بە جدی وەردەگرن و ئامادەن وەڵامی هەر هێرشێك بدەنەوە”.

لە وەڵامی بۆ پرسیارێكدا سەبارەت بە هەڵوێستی ڕووسیا لە بەرامبەر هەڕەشەكانی توركیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی لەشكری بۆ سەر كۆبانێ و ڕۆژئاوای ڕووباری فوڕات و مەنبج و شەهبا كە ڕووسیا لەو ناوچانە دەسەڵاتی هەیە، نەورۆز ئەحمەد ڕایگەیاند “وتووێژ لەگەڵ ڕووسیا و حكومەتی دیمەشق بەردەوامە سەبارەت بەو ناوچانە، تاوەكو هەڵوێستێكی هاوبەش هەبێت لە دژی هێرشەكان”.

هوشداری ئەوەی دا ئەگەر بێت و توركیا هێرش بكات و ڕووسیا و ڕژێمی سوریا بێ دەنگ بن یان بكشێنەوە، ئەوا شێوازی پەیوەندییەكانمان لەگەڵیاندا دەگۆڕێت و بوونی ڕووسیا و ڕژێم لەسەر زەوی ناوچەكەش دەگۆڕێت، بەو پێیەی هاوسەنگی لە ناوچەكە نامێنێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، شەڕەكە تەنیا لە یەك ناوچەدا نامێنێتەوە.

لە لایەكی دیكەوە فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە لێدوانێكی تایبەت بۆ دەنگی ئەمەریكا وتی “توركیا لە 20 ی مانگی یازدەوە ڕۆژانە بە سەدان گولـلەی تانك و بە بۆردومانی فڕۆكە لە ناوچەكانیان دەدات، بەمەش زیان كەوتووە بە ژێرخانی هەرێمەكە و سەرچاوەی وزە و كارەبا و نەخۆشخانەكان”.

فەرهاد شامی باسی لەوەش كرد، بە ناچاری چالاكییەكانیان لە دژی داعش ڕاگرتووە، بۆیە ڕەنگە داعش سوود لەم دۆخە وەربگرێت و خۆی لە ڕەققە و دێرزور زیندووبكاتەوە.

ئەنتارکتیکا…ئەو کیشوەری تەنیا زاناکانی لێ دەژی
پێت ئەنتارکتیکا…ئەو کیشوەری تەنیا زاناکانی لێ دەژی
شوێنگرەوە بۆ پاکەت و پێچەرەوە و کیسی نایلۆن دۆزرایەوە
دوات شوێنگرەوە بۆ پاکەت و پێچەرەوە و کیسی نایلۆن دۆزرایەوە
پەیوەنیدر