لەگەڵ كۆتایی هاتنی پشووەكانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و كردنەوەی بۆرسە و بازاڕی دراوەكان، نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دابەزینی تۆماركرد بەتایبەتیش، كە بڕیارە سبەینێ بانكی ناوەندی بڕێكی زیاتر دۆلار بخاتە بازاڕەوە.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە لەگەڵ كردنەوەی بازاڕی دراوەكان، بەهای 100 دۆلار بە 143 هەزار دینار مامەڵەی پێوەكراوە و ئێوارە دابەزیوە بۆ 142 هەزار و 750 دینار.
ڕاشیگەیاند، بەهای تمەن زیاتر دابەزیوە و 100 دۆلار بووە بە 5 ملیۆن تمەنی ئێرانی.
لای خۆشیەوە، ئومێد قەرەداغی، مامۆستای ئابووری لە زانكۆی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بهپێی ئامارهكانی بانكی ناوهندی عێراق، له ماوهی ههفتهی ڕابردوودا بڕی 904 ملیۆن و 354 ههزار و 091 دۆلاری فرۆشتووه.
وتیشی، “ئەم بڕە پارەیە، بەڕاستی بڕیکی زەبەلاحە و توانای گەورەی بانکی ناوەندی لە فرۆشتنی دۆلار دەردەخات، ئەمە نزیکە لە هەمان ئەو بڕەی بانکی ناوەندی، كە هەفتانە پێش قەیرانی دابەزینی بەهای دینار دەیخستە بازاڕەوە”.
ئاشكراشی كرد، پێدەچێت چەند هەفتەی داهاتوو ڕووداوی گەورە بەرزبوونەوەی گەورەی بەهای دینار بێت تا نزیکی ئاستی فەرمی.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە هەفتەی پێشووو بانكی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، كە لە 10 ڕۆژی داهاتوودا بەهای دۆلار زۆرترین بەهای خۆی لەدەست دەدات و نزیكدەبێتەوە لە نرخی فەرمی، كە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دیاری كراوە.