توركیا ئامادەكاری بۆ چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆمار و ٢٨مین هەڵبژاردنی پەرلەمان دەكات، كە رۆژی یەكشەممە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ بەیەكەوە ئەنجام دەدرێن.
لە هەڵبژاردنەكانی ١٤ی ئایاردا ئەندامانی نوێی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێن كە بۆ پێنج ساڵ ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات.
بەپێی ریزبەندی پسوولەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەكاندا، كەمال كڵچدار ئۆغڵو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، موحەرەم ئینجە، و سینان ئۆغان وەك كاندیدانی سەرۆككۆمار كێبڕكێی بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە دەكەن.
لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەماندا، ٢٤ پارت و ١٥١ پاڵێوراوی سەربەخۆ لەسەرانسەری توركیادا بەشدارن.
پارتەكان بڕیاریانداوە بە پێنج هاوپەیمانی و لەژێر ناوی هاوپەیمانانی ”كۆمار، میللەت، كار و ئازادی، ئاتا، یەكێتیی هێزی سۆسیالیست” بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن.
لەو چوارچێوەیەشدا هەریەك لە ئاك پارتی، مەهەپە، بەبەپە و پارتی یەنیدەن رەفاهـ بە ناوی ”هاوپەیمانی كۆمار” بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا دەكەن.
هەر یەك لە جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی سەعادەت، پارتی ئایندە، پارتی دیموكراسیی و پارتی دیموكراسیی و پێشكەوتن و پارتی دیموكرات بەناوی هاوپەیمانی میللەت بەشداری دەكەن.
هەروەها پارتی سەوز و ئایندەی چەپ (پارتی سەوزی چەپ) و پارتی كرێكارانی توركیا (تیپ) لەژێر ناوی ”هاوپەیمانی كار و ئازادی” بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا دەكەن.
پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)ش كە دۆسیەی داخستنی لە دادگای دەستووریی توركیا درێژەی هەیە لە لیستی “پارتی سەوزی چەپ”دا بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا دەكات.
هەر یەك لە پارتی زافەر و پارتی داد لەژێر ناوی ”هاوپەیمانی ئاتا” و پارتەكانی دیكە وەك پارتی كۆمۆنیستی توركیا و بزووتنەوەی كۆمۆنیستی توركیا و پارتی چەپ لەژێر ناوی هاوپەیمانی “یەكێتیی هێزی سۆسیالیست” بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا دەكەن.
لە سەرانسەری توركیادا لە ٩٧٣ قەزا و هەزار و ٩٤ دامەزراوەی هەڵبژاردنی قەزادا، ١٩١ هەزار و ٨٨٤ سندوقی دەنگدان دادەنرێن.
لە هەڵبژاردنەكاندا، تێكڕا ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار و ٩٤١ دەنگدەر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەنگ دەدەن.
لەناوخۆی وڵاتدا، چوار ملیۆن و ٩٠٤ هەزار و ٦٧٢ دەنگدەر بۆ یەكەمجار بەشداری لە هەڵبژاردندا دەكەن. ژمارەی دەنگدەران كە لە گرتووخانەكاندا یان بەهۆی تاوانەوە دەستبەسەرن ٥٣ هەزار و ١٧٢ كەسن.
لە دەرەوەی توركیادا لە ٧٥ وڵات و ١٥٦ نوێنەرایەتییەكانی دەرەوە، سندوقی دەنگدان دادەنرێت.
رۆژی پێنجشەممە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٣، پرۆسەی دەنگدان لە دەروازە گومركییەكان و نوێنەرایەتییەكانی دەرەوەی توركیادا دەستپێدەكات و كاتژمێر ١٧:٠٠ی رۆژی یەكشەممە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ دەنگدان لە دەروازە گومركییەكان كۆتایی دێت و لە نۆی ئایاریشدا لە نوێنەرایەتییەكانی دەرەوە كۆتایی دێت. ئەمە لەكاتێكدایە كە دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات ٢٤ كاتژمێر بە رۆژانی پشووشەوە دەتوانن دەنگ بدەن.
لە دەروازە گومركییەكاندا، چوار هەزار و ٦٧١ سندوقی دەنگدان دادەنرێن و لە دەرەوەی وڵاتیش سێ ملیۆن و ٤١٦ هەزار و ٩٨ دەنگدەر هەن. ژمارەی ئەو كەسانەی لە دەرەوەی وڵات بۆ یەكەمجار بەشداری لە دەنگداندا دەكەن ٢٢٧ هەزار و ٦٤٦ هەزار كەسن.
دەنگدەران لەنێوان كاتژمێرەكانی ٠٨:٠٠-١٧:٠٠ دەتوانن دەنگ بدەن. دەنگدەران دوای كاتژمێر ١٧:٠٠ كە لەلایەن دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن لە توركیاوە دیاریی كراوە، ناتوانن دەنگ بدەن.
لیستی كۆتایی ئەو كاندیدانەی خۆیان بۆ پەرلەمان هەڵبژاردووە لە ١٩ی نیسان لەلایەن دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن لە توركیا راگەیەندرا. پرۆسەی داهاتووی ساڵنامەی هەڵبژاردن بەم شێوەیە دەبێت:
٢٧ی نیسان: پرۆسەی دەنگدان لە دەرەوەی وڵات و دەروازە سنوورییەكان دەستپێدەكات.
چواری ئایار: قەدەغەكردنی ئازادیی بانگەشەكان دەستپێدەكات.
حەوتی ئایار: دابەشكردنی لاپەڕەی زانیاریی دەنگدەران بەسەر دەنگدەران تەواو دەبێت.
نۆی ئایار: دەنگدان لە دەرەوەی وڵات كۆتایی دێت.
١٣ی ئایار: لە كاتژمێر ١٨:٠٠ەوە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن كۆتایی دێت.
١٤ی ئایار: رۆژی دەنگدان. ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی تا كاتژمێر ٢٣:٥٩ رادەگەیەنرێت.
– ئەگەر هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی بچێتە خولی دووەمەوە
ئەگەر هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی بچێتە خولی دووەمەوە ئەوا ساڵنامەی هەڵبژاردن بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كە لە ٢٨ی ئایار بەڕێوەدەچێت بەم شێوەیە دەبێت:
١٥ی ئایار: ئەگەر یەكێك لەو كاندیدانەی كە شایستەی بەشداریكردنە لە خولی دووەمدا بە هەر هۆكارێك بەشداری هەڵبژاردنەكان نەكات، ئەوا ئەو ماوەیەی بۆ گۆڕینی كاندیدەكان دیاریی كراوە كاتژمێر ١٧:٠٠ كۆتایی دێت. لە ئەگەری دواكەوتنی راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان، ساڵنامەی هەڵبژاردنەكان بۆ گۆڕینی كاندیدەكان بەو پێیە دەستكاری دەكرێت.
١٦ی ئایار: كاتی تانەدان لە دەستەی هەڵبژاردنەكانی پارێزگاكان و قەزاكان كاتژمێر ١٧:٠٠ كۆتایی دێت و تانەدانەكان تا كاتژمێر ٢٣:٥٩ لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنەكانی پارێزگاكانەوە یەكلایی دەكرێنەوە.
١٧ی ئایار: دەستەی هەڵبژاردنەكانی قەزاكان دەست دەكەن بە پرۆسێسكردنی گۆڕانكارییەكانی لیژنەی سندوقی دەنگدان.
١٨ی ئایار: ئەو تانەدانانەی دژبە بڕیارەكانی دەستەی هەڵبژاردنەكانی پارێزگاكان دراون، لەلایەن دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكان لە توركیاوە یەكلایی دەكرێنەوە.
١٩ی ئایار: ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە رادەگەیەندرێت.