بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوا، شەپۆلێكی باران و خۆڵبارین بەشێكی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی هەرێم بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان بە شێوەیەكی گشتی هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ دابارینی نمە باران لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێم لەگەڵ بوونی تۆزێكی سووك, كاریگەری دابارین سەرەتا لە ناوچەكانی رۆژئاوای هەرێم دەست پێ دەكات و لەناوچە شاخاوییەكان هەندێ كات بەشێوەی تاوە باران و بروسكە دەبێت.
ئاماژە بە ئەوەش كراوە، پێشبینی دەكرێت ڕێژەی دابارین برێكی مام ناوەند بێت، كاریگەری دابارین لەكاتەكانی ئێوارە كەم دەبێتەوە تەنها لەناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم نەبێت بۆ بەیانی سێ شەممە دەمینێتەوە .
باس لە ئەوەش كراوە، پلەكانی گەرما بەنزیكەی ( 1 تـــا 3 ) نزمتر دەبن لە تۆمارەكانی دوێنێ .
كەشناسی لەبارەی پێشبینییەكانی كەشوهەوا بۆ سبەینێ دەڵێت، سبەینێ سێ شەممە ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچە هەور دەبێت دابارین لەناوچەكانی ڕۆژهەلاتی هەرێم بەردەوامی دەبێت بەشێوەی نمە باران پاشان لەكاتەكانی ئێوارە دەگۆڕێت بۆ تاوە باران و بروسكە بەتایبەتی لەناوچە شاخاوییە سنوورییەكانی ئەم ناوچەیە كاریگەری ئەم شەپۆلە لە كاتەكانی درەنگانی شەودا كۆتایی دێت كەشەكە جێگیر دەبێتەوە، پلەكانی گەرما نزیك دەبنەوە لە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ .
بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر : 24 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 20 پلەی سیلیزی
دهۆك : 23 پلەی سیلیزی
كەركوك : 27 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 21 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 24 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 28 پلەی سیلیزی