وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان دەڵێت” ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی چوار دەستپێدەكات”.
هونەر جەمال بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بۆ میدیای فەڕمی گۆڕان ڕایگەیاند “وەزارەتی سامانەسروشتییەكان بەشێك لە داهاتی نەوتی خستووەتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی، لە ئێستاشدا لە هەوڵداین، بە داهاتی سامانەسروشتییەكان و 400 ملیاری قەرزی بەغدا و داهاتی ناوخۆ و هاوكارییەكانی هاوپەیمانان، تەواوكاریی مووچەی مانگی چوار دابین بكەین”.
دەشڵێت “وەزارەتی سامانە سروشتییەكان داهاتی نەوتی 24 رۆژی مانگی سێی بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام لە ئێستادا بەشێكی خراوەتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی، دوای پشووی جەژنیش ئامادەكاریی دەكەین بۆ ئەوەی بەشەكانی دیكەی داهاتی نەوت بگاتە وەزارەتەكە لەسەرەتای مانگی پێنجدا، خشتەی مووچە ڕابگەیەنین”.
هێشتا مووچەی مانگی سێ بە تەواوەتی دابەشنەكراوە بەتایبەت لە سلێمانی بەهۆی نەبوونی پارە لە بانكەكاندا بەشێكی فەرمانبەران و خانەنشینان مووچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووە.