جەمال كۆچەر: ناردنی مووچە لە بەغداوە تا ئێستا تەنها نووسینی سەر كاغەزە
فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بوودجەی عێراق دەكەن، پرۆژەیەك كە تێیدا بەشە بوودجە و مووچەی هەرێم چەسپێندراوە، بەڵام هێشتا دڵنیایی بۆ مووچەخۆران نییە.
هەرێمی كوردستان ئەگەری هەیە بۆ مووچەی مانگی چوار تووشی قەیران ببێت، چونكە هەناردەكردنی نەوتەكەی بۆ زیاتر لە سێ هەفتەیە راگیراوە و داهاتی ناوخۆشی بەپێی پێویست نییە.
ئەوەی فەرمانبەران ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە چەسپاندنی رێككەوتنی هەرێم و بەغدایە لەسەر بوودجە و مووچە و داهاتی نەوت لە پرۆژەیاسای بوودجەدا لەگەڵ ئەو رێككەوتنانەی لەنێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی هەناردەكردنی نەوتەوە كراون.
لەوچوارچێوەیەدا كە زۆرێك هیوایان بەوە هەبوو بەغدا مووچەی مانگی چوار بنێرێت و چەند جارێك محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتیكردەوە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەركی بەغدایە، بەڵام دواجار تەنها بڕیار لە رەوانەكردنی گوژمەیەكی 400 ملیار دیناری بۆ دوو مانگ دراوە وەك قەرز تا پەسەندكردنی بوودجە.
نەبیل عەلی شرۆڤەكاری عێراقی لەلێدوانێكدا رایگەیاند، كورد بە پرۆژەكە رازییە و سووننەكان خواستی زیادكردنی پشكی گەشەپێدانی هەرێمەكانیان هەیە.
دەشڵێت: خاڵی ناكۆكی لەسەر بوودجە هەیە لەسەر دابەشكردنی پشكی پارێزگاكان و هەوڵی زیادكردنی پشكی وەزارەتەكانیش دەدرێت، بەڵام شیعەكان گومانیان لە بوودجەكە بۆ سێ ساڵی داهاتوو هەیە.
جەمال كۆچەر ئەندامی كوردی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا كە ئەمڕۆ ئاژانسەكانی عێراق بڵاویانكردووەتەوە رایگەیاندووە، پشكی هەرێم و ناردنی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن بەغداوە تا ئێستا تەنها نووسینی سەر كاغەزە.
بەپێی زانیارییەكان زۆرینەی فراكسیۆنەكان رێككەوتنیان كردووە كە بوودجەكە پەسەند بكرێت.
موهەند خەزرەجی ئەندامی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئاژانسەكانی عێراق دەڵێت “هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی لە پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بوودجەی عێراق بەشێوەی ئێستای دەكەن”.
راشیگەیاند هەندێك گۆڕانكاری بچووك بوونیان لە پرۆژەكەدا هەیە.
خەزرەجی ئاماژەی بە ئەوەش كرد، هەوڵ لەلایەن فراكسیۆنە سیاسییەكانەوە بۆ دروستكردنی گرفت بۆ پرۆژە یاساكە هەن، ئەوەش بە ئامانجی كەسی و حیزبی.