شارەوانی سلێمانی لەپێناو تەواوكردنی شەقامی 100 مەتری زەوی دەفرۆشێت



شارەوانی سلێمانی لەپێناو تەواوكردنی شەقامی 100 مەتری زەوی بازرگانی شارەكە دەفرۆشێت.

%46 ی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینەوە كاركردن تیایدا وەستاوە.

بە وتەی بەڕێوەبەری پڕۆژەكە بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە كارەكانی تەواوكردنی شەقامەكە بە سستی بەڕێوەدەچن، بۆ هاوكاریكردنی پڕۆژەكە و دابینكردنی پارەی نەختینە، شارەوانی سلێمانی چەند پارچە زەوییەكی بازرگانی دەفرۆشێت.

لەو بارەیەوە زەردەشت ڕەفیق ، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێنج پارچە زەوی بازرگانی سلێمانی لە زیادكردنێكی ئاشكرادا بەمەبەستی تەواوكردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دەفرۆشین.

ئاماژەی بە ئەوەش كرد، لەدوای جەژن كاتی بڵاوكردنەوەی ئاگاداریی فرۆشتنی زەوییەكان نزیك دەبێتەوە و ماوەی 30 ڕۆژ لەبەردەم بازرگانەكاندا دەبێت بۆ كڕینی زەوییەكان، خوازیارین زۆرترین بازرگان بەشداری بكات.

لەبارەی ئەو بڕەپارەیەی لە فرۆشتنی زەوییەكان بەدەستدێن، زەردەشت ڕەئوف وتی، تا ئێستا نازانرێت ئەو داهاتەی لەو زەوییانە بەدەستدێت چەندە، بەڵام هاوكارییەكی باشی تەواوكردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دەكات.

هاوكات، ئەبوبەكر تەیب، بەڕێوەبەری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند،%46 ی پڕۆژەكە تەواو بووە، حكومەتی هەرێم بودجەی پێویستی بۆ تەرخان كردووە، بەڵام لەبەر نەبوونی پارەی نەختینە كە گرفتی شاری سلێمانییە، كارەكانی پڕۆژەكە بە سستی بەڕێوەدەچێت.

سەبارەت بەوەی فرۆشتنی زەوییەكانی سلێمانی هەتا چەند هاوكاری بەڕێوەچوونی كارەكانی پڕۆژەكە دەكات ئەبوبەكر تەیب، وتی، ئەوە هاوكارییەكی زۆر باشی پڕۆژەكە دەكات لە دابینكردنی پارەی نەختینە، بەپێی پێویستی پڕۆژەكە زەوی دەفرۆشرێت چ لە ناو شار یان لە دەرەوەی شار بێت.

پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی، بە تۆڕی شەقامە لاوەكییەكانیەوە درێژییەكەی ١٤٥ كیلۆمەترە و بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت. قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە بڕی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ ئەم پرۆژەیە تەرخانكراوە و لەماوەی كاركردنیدا ٦٠٠ ئامێر كاری تێدا كردووە و زیاتر لە ١٠٠٠ هەلی كاری راستەوخۆی ڕەخساندووە.

قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ٣٤ كیلۆمەتر درێژە، لە شارۆچكەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تا گوندی دەمركان و ٤٦٪ـی كارەكانی تەواو بووە.

شەقامەكە 4 سایدی هاتن و چوونە و پانییەكەشی ١٠٠ مەترە، هەروەها ٥ ئەندەرپاس، ٧ یەكتربڕ و ٣ پردی پەپوولەیی لەخۆ دەگرێت. جگە لەوەی لەسەر چەمی تاسڵوجە، پردێك دروست دەكرێت، كە درێژییەكەی ٥٠٠ مەترە و ٢٠ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.

قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە، ٦٧ ئاوباری كۆنكرێتی بۆ پەڕینەوەی ئاوی باراناو لەخۆدەگرێت، كە درێژایی هەر یەكێكیان ١١٠ مەترە، هەروەها تۆڕێكی كارەبای مۆدێرنی بۆ ڕووناككردنەوەی تەواوی شەقامەكە تێیدایە.

100 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمیان كردووە
پێت 100 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمیان كردووە
چی دەربارەی نەریتی (مافی خوێ) دەزانیت؟
دوات چی دەربارەی نەریتی (مافی خوێ) دەزانیت؟
پەیوەندیدار